رۆیتەرز: تاران هێرشەکانی رادەگرێت
ئارامییەکی کاتی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە
فەرهاد حەسەن
بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی “رۆیتەرز”ی راگەیاندووە، تاران ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا رابگرێت، بەو مەرجەی واشنتۆن پابەند بێت بەو وەستانە کاتییەی کە لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا رایگەیاندووە.
رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی لەناکاو کۆتایی بەو هەڵمەتە ئاسمانییە هێنا کە ماوەی دوو هەفتە بوو سوپای ئەمریکا لە دژی ئێران دەستیپێکردبوو.
دوای 13 شەو لە هێرشی ئاسمانیی چڕی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئێران، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە درەنگانی شەوی هەینییەوە هێرشەکانی راگرتووە، بەپێی ڕاپۆرتەکانیش، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا هیچ هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تۆمار نەکراوە.
بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی روونە، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە راگرتنی هێرشەکان، تاران و لایەنەکانی دیکەی سەر بەو وڵاتەش هێرشەکانیان دەوەستێنن، ئەمە وەک هەوڵێک دەبیندرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان دوای پێکدادانە راستەوخۆکانی دوو هەفتەی رابردوو.