کێشە نەما
بەردە زەبەلاحەکان تەقێنرانەوە؛ خەڵکی گەرەوان دوای شەوێک لە دڵەراوکێ گەڕانەوە ماڵەکانیان
وریا فەتاح
تیمەکانی ئەندازەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مەترسییەکی گەورەیان لەسەر گوندی “گەرەوان” لادا، ئەمەش دوای ئەوەی بە تەقەمەنی ئەو بەردە مەترسیدارانەیان تێکشکاند کە هەرەشەی کەوتنەخوارەوەیان بۆ سەر ماڵەکان دەکرد.
ئیدارەى سەربەخۆى سۆران بڵاوى کردەوە، دانیشتوانی گوندەکە بەهۆی مەترسیی بەربوونەوەی بەردەکان، لە دوێنێوە ماڵەکانیان چۆڵکردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی “تەقاندنەوەیەکی کۆنترۆڵکراو” و پارچەپارچەکردنی بەردەکان، مەترسییەکە کۆتایی هات و هاوڵاتیان گەڕانەوە نێو ماڵەکانیان.
ئەم هەنگاوە لەسەر راسپاردەی حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی دەرکەوت بەردەکان لە لێواری خزان و بەربوونەوەدان و تەنیا بە تەقاندنەوە مەترسییەکەیان لەکۆڵ دەبێتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، بەردەکان قەبارەیان زۆر گەورەیە و رێک لە بەرزایی سەروو ماڵەکان جێگیر بوون، کە ئەگەر بخزانایە کارەساتیان لێ دەکەوتەوە.