پێیان وتراوە پارە نییە

نۆ ساڵە شەقامەکە تەواو بووە و 50 جوتیاری کەلاریش قەرەبوو نەکراونەتەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر لێسەندنی زەوییەکانیان بۆ دروستکردنی شەقامێکی گشتی، 50 جوتیاری سنووری قەزای کەلار تا ئێستا هیچ قەرەبوویەکی دارایی یان زەوییان وەرنەگرتووە.

سەبارەت بەم کێشەیە، جەبار سالار، نوێنەری خاوەن باخە زیانلێکەوتووەکان بە 964ـی راگەیاند: “نۆ ساڵ پێش ئێستا زەوییەکانمان لێوەرگیرا و بەر بەشی سێیەمی شەقامی پشتێنەیی کەلار کەوت، ئێستا شەقامەکە بە تەواوی دروستکراوە و تەواو بووە، بەڵام ئێمە هێشتا چاوەڕێی قەرەبووین.”

دەربارەی کاریگەریی ئەم کێشەیە لەسەر بژێویی ژیانیان، جەبار سالار وتی: “پێشتر بژێویی ژیانمان بە تەواوی لەسەر باخداری و کاری جووتیاری بوو، بەڵام ئەوە نۆ ساڵە زەوییەکانمان لێسەندراوە و بۆ خۆمان لە ماڵەوە دانیشتووین و بێکار بووین.”

لەبارەی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە، نوێنەری جووتیاران ئاماژەی بەوە کرد کە شارەوانی پێیان دەڵێت پارەی پێویست بەردەست نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی و لە بەرامبەردا بە زەوی قەرەبوویان دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە و هیچ شتێک روون نییە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح