ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات
ترەمپ بە شان و باڵی خۆی هەڵدا و ئاگری شەڕەکەی خۆشتر کرد
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیاتر بە شانی و باڵی خۆی هەڵدا و ئاگری شەڕەکەشی خۆشتر کرد.
شەوی رابردوو ترەمپ خەوی لە زۆربەمان زڕاند و نەیهێشت تا بەرەبەیان بخەوین، هەرچەندە بەشێک لە شرۆڤەکاران و خەڵکیش پێیانوابوو، ترەمپ ئاگربەست رادەگەیەنێت و شەڕ رادەگرێت، بەڵام ئەو هەر تەعریفی لە خۆی کرد و وتی، “لە خۆلی یەکەمی سەرۆکایەتی لە ئێرانم بردەوە، لە خوڵی دووەمیش باشتر لێیانم بردەوە”.
ترەمپ جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە لەم شەڕەدا زۆربەی سەرکردەکانی ئێرانیان لەناوبردووە، ئێستاش لە لەگەڵ سەرکردە نوێیەکان لە گفتوگۆ دان، ئەگەر ژیر نەبن و نەگەنە رێککەوتن، ئەوا لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بە توندی لێیان دەدەن و وڵاتەکەیان دەگەڕێننەوە چاخی بەردین.
بەم هەڕەشانەی ترەمپ و بەو هێزە زۆرەی لە ناوچەکە کۆی کردووەتەوە، واپێدەچێت کە ئەم هەویرە ئاو زۆر ببات و شەڕەکە قوڵتر ببێتەوە.