وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم:

“10 هەزار مووچەخۆر ناویان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە”

کاکەلاو عەبدوڵا

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەڵێت، هیشتا 10 هەزار مووچەخۆر ماون ناویان لە پڕۆژەی “هەژماری من” تۆماربکەن، ئەو کێشانەشی لە بانکە ئەهلییەکان دروستبوون پێویستە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 29.6.2026 ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە هەولێر کۆبووەوە و باسیان لە دواین قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرد.

بەپێی راگەیەنراێکی وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب باسی ئەو کێشانەی کردووە کە لەماوەی رابردوودا لە بانکە ئەهلییەکان دروستبووە و داوای کردووە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن و خزمەتگوزاری زیاتریش پێشکەش بە مووچەخۆران بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەدواین هەنگاوەکانی خۆتۆمارکردن لە “هەژماری من” کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمارکردووە و 750 ئامێری راکێشانی پارەش لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان داندراون، بەڵام هێشتا 10 هەزار مووچەخۆر ماون، ناوی خۆیان لە “هەژماری من” تۆمار بکەن.