لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق
دەستکەوتنی ناڕەوای هەبووە
حەوت ساڵ زیندان بۆ پەرلەمانتارێکی تەقەدوم
ئەحمەد مستەفا
دۆسییەکی گەندەڵی کۆتاییەکەی بە حوکمی زیندان کۆتایی هات، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، محەمەد فەرمان شاهیر سەلمان جبوری، پەرلەمانتاری حزبی تەقەدوم، بە 7 ساڵ زیندان سزادا.
بەپێی راگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق، دادگا ئەو پەرلەمانتارەی بە تاوانی دەستکەوتی ناڕەوا تاوانبار کردووە و بڕیاری دا بڕی پارە و سامانە دەستکەوتووەکەی بگەڕێنێتەوە.
بەهای ئەو دەستکەوتە ناڕەوایە، بە 11 ملیار و 795 ملیۆن و 949 هەزار و 238 دینار، لەگەڵ 1 ملیۆن و 729 هەزار و 300 دۆلار، دیاریکراوە.
لەگەڵ سزای زیندان، دادگا سزای دارایی هاوتای دەستکەوتە ناڕەواکەی بەسەردا سەپاندووە، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە 28 ملیار و 157 ملیۆن و 250 هەزار و 476 دینار.
لە دۆسییەیەکی تردا، سێ ساڵ زیندانی توندی بەهۆی تاوانی شاردنەوە بەسەردا سەپێنراوە و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانە نەختینە و نانەختینەکانی پشتڕاست کراوەتەوە.