بۆ دانانی سپلێت لە سەرجەم پۆلەکان پێویستمان بە 50 ملیۆن دۆلارە

وەزیری پەروەردە: 43 هەزار کەسمان گەڕاندووەتەوە بەر خوێندن

964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی نوێی وەزارەتەکەی لە بوارەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و باشترکردنی ژینگەی قوتابخانەکان بۆ 964 ئاشکرا کرد.

لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە وازهێنان لە خوێندن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند،تاوەکو ئێستا توانییانە 43 هەزار کەس بگەڕێنینەوە بەر خوێندن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانە بە شێوەیەکی گشتی و سیستماتیک بووە و تەنیا پشت بە کەیسە تاکەکەسییەکان نەبەستراوە، هەرچەندە بەشێک لەو کەیسانە لە رێگەی میدیاکانەوە دەبینن و بەدواداچوونیان بۆ دەکەن.
وەزیری پەروەردە جەختی لەوەش کردەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ کەمکردنەوەی نەخوێندەواری ئەنجامی باشی هەبووە، بە جۆرێک لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا، رێژەی نەخوێندەواری بەراورد بە 15 ساڵی رابردوو بە رێژەی 4% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
سەبارەت بە باشترکردنی ژینگەی پۆلەکان و کێشەی گەرما، ئالان حەمەسەعید روونیکردەوە کە رەچاوی بەرزیی پلەکانی گەرمایان کردووە و پڕۆژەی رووناکی بۆ پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری سوودێکی زۆری بە قوتابخانەکان گەیاندووە. ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا جگە لە ئامێرەکانی فێنککەرەوە (موبەریدە)، 24 هەزار پۆلی خوێندن ئامێری سپلێتیان تێدا جێگیر کراوە.
لە بارەی پلانی داهاتووی وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی گەرما لە قوتابخانەکان، وەزیری پەروەردە وتى،”وەک وەزارەتی پەروەردە هەژمارێکی ورد و تەواومان کردووە بۆ ئەوەی لە هەر پۆلێکدا سپلێتێکی دوو تۆنی جۆری (ئینڤێرتەر) دابنێین، تەنانەت بڕی کارەبای پێویستیشمان بۆ پرۆژەکە دیاری کردووە”.
ئالان حەمەسەعید باسی لەوە کرد کە تێچووی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە دەگاتە 50 ملیۆن دۆلار، بۆ جێبەجێکردنیشی وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی باشبوونەوەی دۆخی دارایی دەکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح