دوای 12 ساڵ

هێزەکانی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە

کاکەلاو عەبدوڵا

پاش 12 ساڵ هێزەکانی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەرکەکانمان کۆتایی هات.

ئەمڕۆ سێشەممە 29.09.2026 وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند و دەڵێت، بە گەڕانەوەی دوایین کاروانی سەربازەکانیان، ئامادەیی سەربازیی ئیتاڵیا لە عێراق بە فەرمی کۆتایی هات.

گیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، هێزەکانیان هاوشانی هێزەکانی تری هاوپەیمانان و ناتۆ، پێش کۆتاییهاتنی وادەکەیان کە 30ـی ئەم مانگەیە، خاکی عێراقیان جێهێشتووە.

“ئەم کشانەوەیە بڕیارێکی تاکلایەنەی ئیتاڵیا نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تەواوی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی وڵاتەکەیان دەگرنە ئەستۆ،” وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا وا دەڵێت.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئیتاڵیا لە عێراق کشانەوە و تەنیا کارمەندانی تیمی لۆجیستی مابوونەوە و ئەوانیش ئەمڕۆ کۆتاییان بە ئەرکەکانیان هێنرا کە ماوەی 12 ساڵی خایاندبوو، بەپێی راگەیەندراوەکە لەو ماوەیەدا هەزاران سەربازی ئیتاڵی بەشدارییان لە شەڕی دژی داعش و راهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان کردووە.