مۆبایلە هەرزانەکان 40% کەم دەبنەوە

دەست بە مۆبایلەکانتانەوە بگرن؛ ساڵانى داهاتوو نرخى مۆبایل بەرز دەبیتەوە

وریا فەتاح

توێژینەوەیەکی نوێی جیهانی هۆشداری دەدات کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کڕینی مۆبایلی زیرەکی هەرزان (ئەوانەی نرخەکەیان لە خوار 200 دۆلار / نزیکەی 300 هەزار دینارە) زۆر قورس دەبێت و ئەم جۆرە مۆبایلانە لە بازاڕەکاندا نامێنن.

بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی توێژینەوەی (Counterpoint Research)، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030، بەرهەمهێنان و خستنەبازاڕی مۆبایلە هەرزانەکان بە ڕێژەی 40% کەم بکات. ئەمەش واتە ساڵانە زیاتر لە 230 ملیۆن مۆبایلی هەرزان لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمدەبنەوە.

وەک ئەوەى خراوەتەڕوو، هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی تێچووی دروستکردنی مۆبایل. پارچە بنەڕەتییەکانی وەک (چیپ، پڕۆسێسەر، و میمۆری) زۆر گران بوون. لەبەر ئەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر چیتر ناتوانن مۆبایلی زۆر هەرزان دروست بکەن بەبێ ئەوەی زەرەر بکەن.

ئەم گۆڕانکارییە چەند کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت کە ئەمانەن:

یەکەم: خەڵک ناچار دەبن مۆبایلەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکاربهێنن و زوو زوو نەیگۆڕن، چونکە کڕینی مۆبایلی نوێ تێچووی زیاتر دەوێت.

دووەم: بەهۆی نەمانی مۆبایلی نوێی هەرزان، خواست لەسەر کڕینی مۆبایلی بەکارهاتوو (دەستی دوو) و نوێکراوە (Refurbished) زۆر زیاد دەکات.

سێیەم: بۆ ئەو کەسانەی داهاتیان کەمە یان دەیانەوێت مۆبایل بۆ منداڵەکانیان بکڕن، کارەکە قورستر دەبێت، چونکە مۆبایلە نوێیەکان نرخەکەیان لە سەروو 200 دۆلارەوە دەبێت.

بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکان تەرکیزیان دەخەنە سەر مۆبایلە “مامناوەندەکان”. واتە مۆبایلەکان کەمێک گرانتر دەبن، بەڵام لە بەرامبەردا تایبەتمەندی باشتریان دەبێت، وەک: پشتگیریکردنی نەوەی پێنجەم (5G)، میمۆری گەورەتر، کامێرای باشتر و تەنانەت بوونی زیرەکی دەستکرد (AI) تێیاندا.

لەم گۆڕانکارییەدا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەپڵ (Apple) و سامسۆنگ (Samsung) قازانجی سەرەکی دەکەن، چونکە ئەوان کۆنترۆڵی بازاڕی مۆبایلە مامناوەند و گرانبەهاکانیان کردووە، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایانەی تەنیا مۆبایلی هەرزان دروست دەکەن رووبەڕووی قەیران دەبنەوە.