هاتوچۆی کەشتییە نەوتەکان لە گەرووی هورمز _ وێنە: ئاژانسەکان
"دەستوەردان ناکات"
وەزیریکی فەڕەنسی؛ هورمز ئەرکی ناتۆی تێدا نییە
ئەحمەد مستەفا
لێپرسراوێکی فەڕەنسی روون و رەوان دەڵێ، ئەرکی رێکخراوی ناتۆ پەیوەستە بە ئەوروپا و ئەتڵەسییەوە نەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە گەرووی هورمز ئەنجام بدات.
ئەو قسانە لە کاتێکدا دێ، فەڕەنسا بە بەشداری نزیکەی 35 دەوڵەتی جیهان سەرگەرمی تاوتوێکردنی پرسی ئایندەی دەریاوانییە لە گەرووی هورمز.
ئەلیس روفۆ، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ كاروبارى سوپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ناتۆ دەستوەردان لە کردنەوەی گەرووی هورمز ناکات.
ئەلیس دەشڵێ، ناتۆ هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوچەی ئەوروپا و ئەتڵەسییەوە هەیە نەک ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە گەرووی هورمز، کە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان نەگرێت.
پێشتریش ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا جەختی کردبووەوە کە پاریس بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە پڕۆسەی کردنەوەی گەرووی هورمز ناکات بەو پێیەی وڵاتەکەیان بەشێک نییە لەو ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.