"ماوەیەکی زۆرە لە ئاودا ماوەتەوە"

تەرمی پیاوێک لەناو ئاوی رووباری دیجلە لە سنووری زاخۆ دۆزرایەوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

تەرمی پیاوێک لەناو ئاوی رووباری دیجلە لە سنووری زاخۆ دۆزرایەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە 5.11.2026 چەند هاوڵاتییەک بنکەی پۆلیسی ناحیەی باتێل لە بوونی تەرمێک لە نزیک گوندی خەراب دێمی سەربە زاخۆ ئاگادار دەکەنەوە، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تیمی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی پیاوەکەیان لەئاو دەرهێناوەتەوە.

لە لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکانی پۆلیس و تیمی بەڵگەی تاواندا دەرکەوتووە کە مردنی ئەوە کەسە زۆری بەسەرداچووە و لە مێژەیە لەناو ئاودا ماوەتەوە.

سەبارەت بەو رووداوە 964 قسەی لەگەڵ موقەدم ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ کرد، ئەو وتی، “هیچ ئاسەوارێکی لێدان بە جەستەیەوە نییە، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە، بە فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەدواداچوونی زیاتر دەکرێت”.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 11 حاڵەتی خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تۆمار کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری