دیمەنێکی بارانبارین لە کوردستان - وێنە: ئەرشیفی 964
"ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە و هەورەتریشقەش دنیا رووناک دەکاتەوە"
بارانەکە گەیشت و کەشناسی هۆشداری دەدات
شۆڕش قادری
بارانەکە گەیشت و کەشناسی کوردستان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و مەترسی هەورە تریشقە لەم چەند رۆژەدا دەدات.
وەک کەشناسی کوردستان پێشبینی کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.11.2026 نمە باران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ دەگاتە زۆربەی ناوچەکان (بەسەنتەری شارەکانیشەوە)، هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و بروسکە.
سەبارەت بە رێژەی دابارین، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاتر ببارێ.
سبەی هەینی بارانبارینەکە چڕتر دەبێتەوە و هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە، لەم دوو رۆژەدا کەشەکە تەواو فێنک دەبێ و پلەکانی گەرما نزیکەی چوار پلەی دیکە نزم دەبنەوە.
کەشناسی کوردستان لە هۆشدارییەکدا رایگەیاندووە، سبەی هەینی شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێ و تا رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و مەترسی هەورەتریشقە هەیە لە هەموو ناوچەکان بەگشتی و لە دەشتاییەکانیش بەتایبەتی.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ؛
هەولێر: 23 پلەی سیلیزی
پیرمام: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 21 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی