کۆبوونەوە کراوە

حکومەت لە عێراق رەزامەندی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دا

ئەحمەد مستەفا

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی، حکومەتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گرێبەستکردن بۆ کڕینی سیستمی بەرگری و هەر پێداویستییەکی تر کە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات پێویستن.

هەروەک، بڕیاریداوە کار بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بکرێ لە زووترین کاتدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سێزدەهەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێوەبردووە، لە دانیشتنەکەدا باس لە بارودۆخی پەرەسەندنی وڵات کروە.

نوسینگەی سودانی نوسیوویەتی، ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و کاردانەوەکانی شەڕی بەردەوام و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهانی کردووە، هەروەها پێداچوونەوەی بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و بنیاتنانی توانا و تەیارکردنی هێزە چەکدارەکان بە کەرەستەی سەردەمیانە کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستی کڕینی سیستەمی بەرگری پەسەند کرد و هەروەها سەرجەم مەرجە پێویستەکانی بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی پێکهاتەکانی بەرگری ئاسمانی و بەرزکردنەوەی ئەدای کارکردنیان پەسەند کرد، وەک ئەوەی وەزارەتی بەرگری پێشکەشی کردووە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای پێویستیان بەسەر بەرێوەبەری بەشە کارگێڕییە پەیوەندیدارەکاندا سپێردراوە کە کەمتەرخەمن لە وەڵامدانەوە لەو ماوەیەی کە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دیاریی کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بە بارودۆخی تایبەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق کرد بەهۆی شەڕ و دۆخی ئێستای ناوچەکە. گوێی لە کۆنفرانسێک گرت کە سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی سەبارەت بەو بابەتە پێشکەشکرا و ڕەزامەندی لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی چڕوپڕ لە نێوان دەسەڵاتە مەدەنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکاندا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و پێشهاتەکانی ناوچە ئاسمانی و فڕۆکەخانە جیاجیاکانی عێراق بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی فڕۆکەوانی مەدەنی لە زووترین کاتدا، هاوکات پابەندبوون بە تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی و ئەمنی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان.