ئاوا بڕوا بۆ پاییزی ئەمساڵ قاچیان قوڕاوی نابێ

قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو – دەربەندیخان هێندەی نەماوە

شۆڕش قادری

قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو – دەربەندیخان هێندەی نەماوە و زیاتر لە 85٪ـی کارەکانی تەواوبووە، ئاوا بڕوا بۆ پاییزی ئەمساڵ دانیشتووانی ئەو دەڤەرە قاچیان قوڕاوی نابێ.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم چەند وێنەیەکی تیمەکانیانی لەکاتی کارکردن داناوە و نووسیویەتی، پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای سەنگاو – دەربەندیخان لە قۆناغی کۆتاییدایە و رێژەی کاری ئەنجامدراو 85٪ـی تێپەڕاندووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت.

پڕۆژەکە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەردی بناغەی دانرا، کە پێکهاتووە لە قیرتاوکردنی رێگایەک بە درێژی 18کم و بە چوار قۆناغ و بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵەوە جێبەجێ دەکرێت، زیاتر لە 40 گوندی سنوورەکە لێی سودمەند دەبن و کارئاسانی تەواو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لە نێوان سەنگاو ـ دەربەندیخان دەکات.