وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
لە زانکۆکان
بۆ خوێندنى ئۆنلاین؛ وەزارەتی خوێندنی باڵا 11 رێکاری نوێی راگەیاند
وریا فەتاح
دواى ئەوەى دوێنێ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، دەستپێکردنەوەى خوێندنى ئۆنلاینى راگەیاند، ئەمڕۆ 11 رێکارى نوێى بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی خوێندنی بۆ ساڵی 2025-2026 بە شێوازی دیجیتاڵی راگەیاند.
بەپێی بڕیارەکانی وەزارەت، رێکارەکان بەم شێوەیەیە:
1.: لە رێکەوتی 30/3/2026 پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
2.: زانکۆکان سەرپشک کراون لە هەڵبژاردنی پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان و شێوازی وانەوتنەوە، بەو مەرجەی تەواوی وانەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لەسەر پلاتفۆرمەکان بەردەست بن.
3. : خوێندکارانی پزیشکی جگە لە وانە ئۆنلاینەکان، بۆ وانە تیۆری و پراکتیکییەکان دەتوانن لە ناو نەخۆشخانەکان بەردەوامی بە خوێندن بدەن.
4. وانە ئۆنلاینەکان دەبێت تەنها لە کاتی دەوامی فەرمیدا بن و بەپێی خشتەی رۆژانە دابنرێن، نابێت وانەکان بخرێنە شەوان یان دوای دەوامی فەرمی.
5. ئەو وانانەی پێویستیان بە کەمپەس هەیە، زانکۆکان چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەفتەکانی داهاتوو دەکەن تاوەکو لە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەدا لە ناو زانکۆ بخوێندرێن.
6. زانکۆکان خشتەی تاقیکردنەوەکان بە جۆرێک رێکدەخەن کە قەرەباڵغی لە ناو کەمپەس و بەشە ناوخۆییەکان دروست نەبێت، هەروەها رەچاوی هاتوچۆی خوێندکارانی دەرەوەی شار دەکرێت.
7. سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بەپێى خشتەیەکى گونجاو بۆ هەر کۆلیج و بەشێکى زانستى تاقیکردنەوەکان ڕێکبخرێن، بەمەرجێک ڕەچاوى هاتوچۆى خوێندکارانى دەرەوەى شار بکرێت، لەهەمان کاتیشدا خشتەى کۆلیجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستى دروست نەبوونى قەرەباڵغى ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان.
8. کۆڕسى خولەکانى پێداگۆجى و سەنتەرەکانى زمان بەشێوەى ئۆنلاین بەردەوام دەبن.
9. گفتوگۆى نامەکانى (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیارى لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆک و ئەندامانى لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەى گفتوگۆکە دەبن.
10. بەڕێوەبەرایەتى ئایتى لەسەرۆکایەتى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەرکى خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەکردنى هەر گرفتێکى تەکنیکى بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاری کردنى خوێندکاران و قوتابیان.
11. بۆ هەر پرسێک کە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەى پێنەکراوە، ئەوا زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندى بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ناو دیوانى وەزارەت دەکەن بەمەبەستى رێوشوێنى کردنیان.