چەند رێکارێک جێبەجێ دەکەن
ئاوی رواندز ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و زێدەڕۆییەکان لادەبات
فەرهاد حەسەن
فەرمانگەی ئاوی رواندز دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی ئاو، پێشتر هەڵمەتەکانیان بۆ شوێنە گشتتیەکان بوو، بەڵام ئەمجارەیان بۆ یەک بەیەکی ماڵەکانی قەزاکەیە و لەهەر ماڵێک زێدەڕۆیی ببینن، لایدەبەن.
هەڵەمەتە لەژێر چاودێریی قایمقامی قەزا بەڕێوەدەچێت و فەرمانگەی ئاویش ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتیانی بلاوکردووەتەوە کە لەمڕۆ سێشەممەوە، لیژنەی زێدەڕۆیی بە رێنمایی و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، دەستبەکار دەبن بۆ سەردانیکردنی مەیدانی ماڵان.
لەم هەڵمەتەدا لە هەر ماڵێک زیاتر لە یەک هێڵی ئاو بەبێ مۆڵەت هەبێت دەیبڕن، بۆ ئەو ماڵانەش کە تاوەکو ئێستا پێوەریان نییە، پێوەری ئاویان بۆ دەبەستن و دڵنیابوونەوەش لەوەی کە بەستنی پێوەری ئاو لەسەر هێڵی سەرەکی بێت.
فەرمانگەی ئاو دەڵێت، بۆ هەر سەرپێچییەک، پسوولەی فەرمیی ئاگادارکردنەوە ئاڕاستەی هاوبەشان دەکرێت و کارمەندانی تیمەکەشیان بە جلی تایبەتی کار و باجی فەرمیی لیژنەی زێدەڕۆیی دەناسرێنەوە.