ئێوارەی نەورۆز بەفراوی و سارد دەبێت

بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە کوێستانەکان بەفر دەبارێت

شۆڕش قادری

باران بارین بەردەوام دەبێت و لە کوێستانەکانیش بەفر دەبارێت، بۆیە ئێوارەی نەورۆز سارد دەبێت و ئەگەر بۆ ئاگرکردنەوە دەچنەدەرەوە خۆتان جوان داپۆشن.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی 20.3.2026 ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت،  نمە باران و بارانی مامناوەند لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەبارێت، لە هەندێک کاتدا بارانبارین بە شێوەی لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانیش ئەگەری کەمێک بەفر بارین هەیە.

پلەی گەرماش 3 بۆ 5 پلە زیاتر دادەبەزێت، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

بۆ سبەی شەممەش، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت، هەندێک کات باران بارین لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و هەورە تریشقە، بۆ ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەر هەیە بەفرێکی کەم ببارێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ؛

هەولێر: 15 پلەی سیلیزی

پیرمام: 11 پلەی سیلیزی

سۆران: 12 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 6 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی

دهۆک: 13 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 17 پلەی سیلیزی