مۆزیش ئاهێکى هاتەوەبەر

تەماتە زیاتر هەرزان دەبێت و هەڵوژەش بە سێ هەزارە

964+

دیلان محەمەد- سلێمانى

دوای ماوەیەک لە بەرزیی نرخەکان کە گیرفانی هاوڵاتیانی ماندوو کردبوو، دواجار بازاڕی سەوزە و میوە رووی لە هەرزانی کرد. سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، بە وردی باس لە گۆڕانکاریی نرخەکان بۆ 964 دەکات و دەڵێت “نرخەکان زۆر دابەزیون”.

گەورەترین مژدە بۆ هاوڵاتیان دابەزینی نرخی تەماتەیە کە خواستی رۆژانەی زۆری لەسەرە. ئێستا کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە بە 1000 دینار و تەنانەت کەمتر لەو نرخەش دەفرۆشرێت. بەوتەى سەروەر عەلى، هۆکاری ئەم هەرزانبوونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەماتەی ناوەڕاستی عێراق پێگەیشتووە و لە دوێنێوە بە بارهەڵگر گەیشتووە، بازاڕەکان.

هەرچی مۆزیشە کە لە ماوەی رابردوودا نرخەکەی بە جۆرێک بەرزبووەوە کە لە کڕین نەدەهات و کارتۆنی گەیشتبووە 55 هەزار دینار، ئێستا کارتۆنی دابەزیوە بۆ 30 بۆ 35  هەزار دینار.

ئەو ڕێواسە خۆماڵییەی پێشتر کیلۆی بە 10 هەزار دینار بوو، ئێستا تەنیا بە 1500 دینارە. گەڵامێوی خۆماڵی لە نێوان حەوت بۆ هەشت هەزار دیناردایە، بەڵام جۆرە دەرەکییەکەی تەنیا 1500 دینارە.

هەڵوژەی ترشە، ئەو میوەیەی پێشتر بەزمێکی گەورەی نایەوە و کیلۆی 500 دۆلاری تێپەڕاند، ئێستا لە عەلوە زۆر هەرزان بووە و کیلۆی تەنیا بە سێ بۆ چوار هەزار دینارە، مزە سێویش بۆ هەر کیلۆیەک 1500 دینار دەکات.

بۆ ژەمی رۆژانەی ماڵانیش نرخەکان تاڕادەیەک گونجاون، کیلۆیەک پیاز تەنیا بە 350 دینارە، باینجان بە 550 دینارە، و پاقلەش کە یەکێکە لە خواردنە باوەکانی ئەم وەرزە، کیلۆی لە نێوان 500 بۆ 600 دینار دایە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەی کۆیە بەردەوام لە بەرزبوونە...

نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەی کۆیە بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە