لەماوە ساڵێکدا شەش کیلۆ زیادیکردووە و "تەوقە"ش زۆر دەکات
پزیشکانی کۆشکی سپی دەڵێن؛ ترەمپ بێ عەیبە و خاوەن تەندروستییەکی نایابە
فەرهاد حەسەن
پزیشکانی کۆشکی سپی رایگەیاند کە سەرۆکی وڵاتەکەیان لە رووی تەندروستییەوە بێ عەیبە و خاوەن “تەندروستییەکی نایابە” ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوەندی پزیشکی سەربازی واڵتەر رید پشکنینێکی پزیشکی گشتگیری بۆ ئەنجامدرا.
شۆن باربابێلا، پزیشکی کۆشکی سپی رایگەیاند کە ترەمپ خاوەن کارکردنێكی باشی دڵ، سییەکان و کۆئەندامی دەمارە، جگە لە ئەدایەکی جەستەیی و مەعریفی نایاب و جەختیکردەوە کە ئەو “تەواو شیاوە” بۆ ئەنجامدانی ئەرکەكانی سەرۆکایەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ترەمپ پشکنینی تیشکی (CT scan) و وێنەگرتنی تری دڵ و پشکنینی شێرپەنجە و هەڵسەنگاندنی خۆپارێزی تری بۆ کراوە، کە لەلایەن 22 پسپۆڕەوە ئەنجامدراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە کێشی سەرۆک ترەمپ ( تەمەن 79 ساڵ) گەیشتوەتە 108 کیلۆگرام، کە شەش کیلۆگرام زیادیکردوە بەراورد بەو پشکنینە پزیشکییەی لە 4.4.2025 بۆی کراوە، لەکاتێکدا پزیشکەکان ئامۆژگارییان کردوە کە بەردەوام بێت لە دابەزاندنی کێش و زیادکردنی چالاکی جەستەیی و پەیڕەوکردنی ڕێنماییە خۆراکییە خۆپارێزەکان.
پزیشکەکان رێنماییان بە ترەمپ داوە سەبارەت بە سیستەمی خۆراکی و چالاکی جەستەیی و دابەزاندنی کێش، بەڵام گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە “ئەدا و توانای مەعریفی و جەستەیی ئەو نایابە”.
راپۆرتەکە روونیکردوەتەوە کە ئەو شینبونەوەیەی لە چەند مانگی رابردودا لەسەر دەستەکانی ترەمپ دەرکەوتبوو، دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەردەوامی ئەسپرین و زۆری تەوقەکردن، هەروەها هەڵئاوسانی پاژنەی پێیەکانیان کە پێشتر دەرکەوتبوو بۆ توشبونی بە سستی درێژخایەنی خوێنهێنەرەکان (chronic venous insufficiency) گەڕاندووەتەوە.