زۆربەیانی تەقاندووەتەوە
ئەمریکا لە رێگەی روبۆتەوە مینەکانی گەرووی هورمز لادەبات
فەرهاد حەسەن
بەپێی راپۆرتە میدیا ئەمریکییەکان کە ئەمڕۆ 30.5.2026 بلاوکراوەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار تەکنەلۆژیای رۆبۆتی پێشکەوتووی بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان بەکارهێناوە، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ ئاماژە نوێیەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ تاراندا.
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک کەشتی بارهەڵگر توانیویانە بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەوەش دوای ئەوەی ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندووەتەوە و رێنماییان لە سوپای ئەمریکا وەرگرتووە.
دەشڵێت “سوپای ئەمریکا لە رێگەی رۆبۆتە پێشکەوتووەکانیەوە، زۆربەی مینە دەریاییەکانی گەرووی هورمزی بە تەقاندنەوە لەناو بردووە”.
دوێنێ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە “ترووس سۆشیاڵ” رایگەیاند کە ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی “بڕیاری کۆتایی” سەبارەت بە رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران.
ترامپ نووسیبووی “ئەو ئابڵۆقە دەریاییە بێوێنەیەی کە پێشتر سەپاندبوومان، ئێستا هەڵیدەگرین. ئەو کەشتییانەی بەهۆی ئابڵۆقەکەوە لە گەرووەکەدا گیریان خواردبوو، دەتوانن دەست بە گەڕانەوە بکەن بۆ وڵاتەکانیان.”
مەرجی ئەوەشی بۆ ئێران دانابوو کە دەبێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی ئازادی کەشتیوانی لە هەردوو ئاراستەکەدا بکاتەوە و هیچ جۆرە “سەرانە و باجێک” لە کەشتییەکان وەرنەگرێت، داوای کرد تاران هاوکار بێت لە پاککردنەوەی پاشماوەی هەر مینێکی دەریایی کە مابێتەوە.