تیمەکان هەشت رۆژە دەگەڕێن
جارێ تەرمی دوو منداڵەکەی تری گەلی عەلی بەگ ونن
ئاکام غەفوور – سۆران
لە شارەکانی تری کوردستانەوە کۆمەکیان بۆ دەنێرن و خۆشیان شەو رۆژیان خستووەتە سەریەک تا هەرچییان کردووە بگەن بە تەرمی دوو منداڵەکەی تر و حەسرەتی چاوەڕوانی دایک و باوکیان کۆتایی پێبهێنن.
ئێوارەی هەینی 1.5.2026 بە پێنج کەسەوە ئۆتۆمبیلێک کەوتەناو رووبار لە گەلی عەلی بەگ و تا ئێستا ئۆتۆمبێلەکە و دوو منداڵی ناوی بێسەروشوێنن.
دەرکەوتنی تەرمی یەکێک لە منداڵەکانی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ، ئومێدی زۆری لای تیمەکانی بەرگری شارستانی و مەلەوانەکان دروست کرد، کە رۆژی سێشەممە 6.5.2026، تەرمی لاوەند خورشید -ی تەمەن حەوت ساڵ دۆزرایەوە، بەڵام ئێستا دوو منداڵ لە رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ بێسەروشوێنن کە ئەوانیش، ئادەم خورشیدی تەمەن سێ ساڵ و مینا عیسای تەمەن 17 ساڵە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ی وت، لە گەڕانەکانیان تائێستا 17 تەکنیکیان بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی دوو منداڵەکە، وە پێشنیاری کەسانی ناو دامودەزگاکانی حکومەت وەردەگرن.
ئەوان ماوەی هەش رۆژە دەگەڕێن، بەڵام بەگوێرەی ئەزموونیان لە دەرهێنانەوەی تەرم، میراودەلی وتی، زۆرجار دوو بۆ سێ هەفتە ئاو تەرمەکان لەناو خۆیدا دەهێڵێتەوە و دواتر سۆراغیان دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا