دوای چوار ساڵ کەلار گەڕایەوە گۆڕەپان

964+

هونەر فارس- گەرمیان

پەروەردەی کەلار دوای چوار ساڵ، فێستیڤاڵی وەرزشی خۆی ئەنجامدا، كچه‌ قوتابییه‌كى به‌شداربووش ده‌ڵێت “سه‌لماندم كه‌ ته‌نها كوڕان پێشه‌نگ نین”.

ئێوارەی ئەمڕۆ 12.3.2023، لە یاریگای نوێی شێروانە لە قەزای كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، فێستیڤاڵی وەرزشی قوتابخانە و خوێندنگەكانی سەر بە پەروەردەی قەزاكە بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵەكە بە بەشداری زیاتر لە 100 قوتابخانە و خوێندنگا ئەنجامدرا.

چالاکیە وەرزشیەکانی فێستیڤاڵەکە بریتی بوون له‌ یاریەکانی گۆڕەپان بۆ کوڕان و کچانی سەرجەم قۆناغەکان، یاریەکانی مەیدانیش لە هەڵدانی رم بۆ کوڕان، بازی بەرز، سێباز، هەڵدانی قورسایی.

میوان بەرزان، كچێكی تەمەن 15 ساڵ، قوتابی قوتابخانەی شەهید ملازم عومەرە و لە راکردنی 100 مەتری و 200 مەتری و یەکباز بۆ کچان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

میوان، بە دڵخۆشیەوە بە 964ی وت “ئەمڕۆ لێرە سەلماندم کە تەنها کوڕان پێشەنگ نین، بەڵکو ئێمەش دەتوانین ئاستی باش بەدەستبهێنین”.

هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی وەرزشی پەروەردەی کەلاریش وتی: ئامانجمان پێشاندان و پێگەیاندنی وەرزشوانی باشە بۆ ئەوەی بتوانین سود لە تواناکانیان ببینین.

لەکۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا خەڵات بەسەر براوە یەکەم و دووەم و سێیەمەکاندا دابەشکرا.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن