هەڵەبجە
منداڵێک لە رووباری سیروان خنکا
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە ئیمامی زامنی سەر بە ناحیەی سیروان، منداڵێک کەوتە ناو رووباری سیروان و خنکا.
زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئاگادارکراونەتەوە کە رووداوێکی خنکان لەناو رووباری سیروان هەیە، هێشتا تەرمەکەشی نەدۆزراوەتەوە و بەڕێگاوەن بۆ شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەوانیش زانیارییەکی ئەوتۆیان نییە لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان منداڵەکە تەمەنی حەوت ساڵانە و لە بەلەمێکدا بووە و بەلەمەکە وەرگەڕاوە و کەوتووەتە ناو رووبارەکە.
ئیمامی زامن گوندێکە لەسەر رووباری سیروان سەر بە ناحیەی سیروانە، لەم وەرزەدا گەشتیار روو دەکەنە ناوچەکە و بەلەمی گەشتیاری لێیە، ئەمساڵیش بەهۆی زۆربوونی ئاوی رووبارەکەوە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچەکە دەکەن.
زانیاری نوێ لەسەر ئەم هەواڵە:
تەرمی منداڵە خنکاوەکەی رووباری سیروان لە ناوچەی ئیمامی زامن دۆزراوەتەوە و نێردراوە بۆ پزیشکی دادی هەڵەبجە.
منداڵەکە لە رەگەزی نێرە و ناوی (باران فەرەیدوون ساڵح) تەمەنی حەوت ساڵانە و بۆ گەشت روویان لە ناوچەکە کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی