سەنتەری میترۆ

“ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بكەن باشترە لە سبەی”

+964

ژووری هەواڵ

سەنتەری میترۆ راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن؛ ئازادکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی شکۆی هەرێم و راستکردنەوەی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

ئەمە دەقی راگەیاندراوەکەیە:

نامەيەكی كراوە بۆ هەر سەرۆكێك كە خۆی بە خەمخۆری هەرێمی كردستان دەزانێت
مانگرتنەكەی شێروان شێروانی لە بەندیخانە، زمانێكی تر شێوازێكی تری ناڕەزاییە لەبەرامبەر حوكمێك كە بە سەركۆنەكردن و بێزاری پێشوازی لێكرا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش سەرلەنوێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای حوكمی دادگا، بێزاری و ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری حوكمدان و ئینجا بارودۆخی ژیانی لە بەندیخانە.
شێروان شێروانی و قارەمانی شوكری، ئازاد بكەن، مانەوەیان لە زیندان هەموو رۆژێك، پرسیار دەخاتە سەر ئەزمونە سیاسییەكەی هەرێم، هەڵسووكەوتی ئەم سیستەمە لەگەڵ جیاوازی و ئازادی بیڕوای سیاسی، لەگەڵ رۆژنامەنووسان و ئازادی كاركردنیان.
پێمان مەڵێن شێروان كەیسی بیروڕا نییە، رۆژنامەنووس نییە، لەیەكەمین رۆژەوە وەڵاممان هەبووە، باوەڕ بەم چیرۆكە ناكەین، ئێستاش تا رۆژگار تێپەڕێت هاودەنگی و هاوسۆزی بۆ شێروان شێروانی زیاتر دەبێت، تووڕەیی و بێژاریش لە ناوەوە و دەرەوە زیاتر دەبن، ئازادی بكەن.
ئەمڕۆ كوردستان لە هەموو رۆژێك زیاتر پێویستی بە گرنگیدانە بە دۆسییەی مافی مرۆڤ، باشكردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری و، وەك بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانیی تەماشا بكرێت. ئەم ئەركە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە هەیە بە ئامانجی تەماشاكردنی دامەزراوە و كارمەندانی بواری میدیا رەخنەگران وەك هاوبەش نەك دوژمن، ئەمەش هەندێك لەو بۆچوونانە كاڵدەكاتەوە كە ساڵانێكە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رەخنەی لێدەگرن و بوونەتە هۆی ناشرینكردنی ناوبانگی هەرێمی كوردستان.
لە هەموو دیدارێكی رەسمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ بەرپرساندا، جەختمان كردۆتەوە كە دەستبەسەركردنی ئارەزوومەندانە، دادگاییكردنی نادادپەروەرانە و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان، دونیا لە هەرێمی كوردستان دەتورێنێت، ئەوان كە سەردانمان دەكەن ناپرسن چەند پرۆژەی نوێی ئیستراتیجی یان باڵەخانەی بەرز و پردی تازە دروستكراوە؟ پرسیاری بەندیخانەكان دەكەن، دەپرسن لە زیندانەكانتان كەس هەیە لەسەر بیرباوەڕ زیندانی كرابێت، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، رۆژنامەنووس، نووسەر هەن؟ بیری لێبكەنەوە وەڵاممان چی دەبێت؟
ئەمڕۆ شێروان و قارەمان ئازاد بكەن، باشترە لە سبەی.