خورماتوو - داقووق
مێردمنداڵێکی ماتۆڕسواری کوشتووە و ھەڵاتووە
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
لەسەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا بەدیاریکراوی لەنێوان هەردوو قەزای داقووق و خورماتوو، درەنگانی شەوی رابردوو مێردمنداڵێک کە بە ماتۆڕسکیل لە داقوقەوە بەرەو خورماتوو گەڕاوەتەوە، ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆر لێی داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش هەڵاتووە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی داقوق بە 964ـی راگەیاند،” دوای رووداوەکە مەفرەزەکانمان گەیشتوونەتە شوێنەکە و هێڵکارییان بۆ کردووە، بەڵام شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دوای پێکدادانەکە رایکردووە و نەوەستاوە، ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و لە رێگەی کامێراکانی چاودێری و شایەتحاڵەکانەوە هەوڵی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی شۆفێرەکە دەدەین.
مەریوان رەشید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، ” تەرمی مێردمنداڵەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، بەهۆی توندی پێکدادانەکە و بەرکەوتنی سەری، پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، مێردمنداڵەکە ناوی “ئەحمەد مەحمود”ـە، تەمەن 12 ساڵانە و دانیشتووی خورماتووە، شەوی رابردوو بۆ دیداری هاوڕێیەکی چووەتە داقوق، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا لەسەر رێگای سەرەکی، تووشی رووداوەکە بووە.
رێگای نێوان خورماتوو – داقوق یەکێکە لە رێگا پڕ هاتوچۆیەکان و زۆرجار بەهۆی نەبوونی رووناکیی پێویست و خێرایی لێخوڕینەوە، رووداوی لەم شێوەیەی تێدا دووبارە دەبێتەوە، لایەنە ئەمنییەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن هەر زانیارییەکیان لەسەر شۆفێرە هەڵهاتووەکە هەیە، هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا