"چارەسەرمان بۆ نەکەن بەردەوام دەبین"

شۆفێرانی تەکسی رێگای نێوان کەرکوک – دوبزیان داخست


کاروان ساڵحی – کەرکوک

شۆفێرانی تەکسی بەهۆی نەبوونی غازی ئۆتۆمبێل یەکێک لە رێگاکانی دووسایدی نێوان کەرکوک بۆ قەزای دوبزیان داخست، بە دیاریکراویش لە نزیک گوندی باجوان.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 1.5.2026 ژمارەیەکی زۆری شۆفێری تەکسی رێگاکەیان داخست و یەکێک لەوان حەسان عەبدە، کە دانیشتوی قەزای دوبزە و  بە 964ـی وت، پێشتر لە کارگەی غازی باجوان لە گوندی باجوان کە نزیکە لە قەزای دوبز، غازی ئۆتۆمبێلیان وەردەگرت بەڵام ئەوە زیاتر لە چەند هەفتەیەکە داخراوە.

وتیشی، دەبێت لە قەزای دوبزەوە بڕوات بۆ کەرکوک غاز وەربگرێت و بگەڕێتەوە، کە زیاتر لە 100 کیلۆمەترە ، ئەوەش تەنیا بۆ 25 لیتر غاز.

حەسان عەبد وتی، “داواکارین وێستەگەی باجوان بکرێتەوە”.

ئوسامە حەمید شۆفێری تەکسییە و ئەویش بە 964ـی وت، “شۆفێرانی تەکسیی قەزای دوبز بە گوندەکانی دەوربەری و هەروەها مەلا عەبدوڵا و گوندەکانی باجوان و یایچی و کۆمپتلەر و چەندین گوندی دیکە لەگەڵ عەمەلە شەعبی لەو وێستگەیە غاز وەردەگرن بەهۆی ئەوەی نزیکترە بۆیان بە بەراورد بە وێستگەکانی دیکە، هەرچەندە ئێستا لەوانیش رێژەی غاز کەمبووەتەوە، بۆیە داواکارین چارەسەریان بۆ  بکەن، ئەگەرنا بەردەوام دەبین لە داخستنی رێگاکە”.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای پڕکردنەوەی غاز سەر بە کۆمپانیای غازی باکوور بە 964ـی وت، ئێستا لە دوو وێستگە غاز بە ئۆتۆمبێل دەدرێت، کە ئەوانیش لە کەرکوکن، هۆکاری کەمکردنەوەی وێستگەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  کە کێشە بۆ غازی ماڵان دروست نەبێت.

وتیشی، شۆفێرانی تەکسی دەتوانن بەنزین وەربگرن کاری خۆیان پێ راپەڕێنن بەڵام کە غازی ماڵان نەما جێگەرەوەی چی دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا