فازڵ حاجی: 18 کەس بریندارن

بریندارانی رووداوی پاسەکە باری تەندروستییان جێگیرە

964+

ئاکام غەفوور

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەنێوان پاسێک و پیکابێک لەسەر رێگای هەریر و شەقڵاوە، 18 کەس لە سەرنشینانی پاسەکە و پیکابەکە بە برینداری گەیەندرانە هەردوو نەخۆشخانەی شەقڵاوە و هەریر.

کاروان کەریمخان، قایمقامی شەقڵاوە بە 964ـی وت، دوو ئۆتۆمبێل کە یەکێکیان پاس بووە لە نێوان قەزای شەقڵاوە و ناحیەی باسرمە پێکیانداداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس برینداربوون.

بەگوێرەی هەندێک زانیاری نە فەرمی، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوە هاتوچۆیەدا بریندار بوونە 16 کەسن، بەڵام قایمقامی شەقڵاوە و وتەبێژی تەندروستی شەقڵاوە ئەو ژمارەیە رەت دەکەنەوە.

قایمقامی شەقڵاوە دەڵێت: هێشتا ژمارەی بریندارەکان نەزانراوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بریندارەکان سەرەتا رەوانەی نەخۆشخانەی هەریر کرا بوون، دواتر بۆ نەخۆشخانەی شەقڵاوە گواستراونەتەوە.

پەیوەند بە رووداوەکە، دکتۆر موحسین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەقڵاوە بۆ 964 ئاشکرایکرد، کۆی گشتی ژمارەی بریندارەکان 14 کەسن، بە نەخۆشخانەی شەقڵاوە و هەریر.

روونیشیکردەوە، هەموو بریندارەکان سەرنشینی پاسەکە بوون کە یەک خانەوادە بوون لە گەشت دەگەڕانەوە بۆ هەولێر.

زیاتر وتی “برینی هەموویان سووکە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە”.

لای خۆیەوە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی راگەیاند: ژمارەی بریندارانی پاس و پیکابەکە گەیشتە 18 کەس.