"کاڵا گران بوو بایکۆتی بکەن"

بازرگانیی هەرێم: 70 شوێن بەهۆی گرانفرۆشی سزا دراون

رێباز یونس – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان رایگەیاند، لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بەردەوام لە سەرتاسەری کوردستاندا چاودێری نرخ و بازاڕ دەکەن و تا ئێستا زیاتر لە 70 شوێنیان بەهۆی سەرپێچی و گرانفرۆشی سزا داوە.

نەوزاد کامیل، داوای لە بازرگانان کرد کە نرخەکانی ئەو کاڵایانەی پێشتر بە نرخێکی دیاریکراو کڕیویانە، بێ پاساو زیاد نەکەن، هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کرد کە لە کاتی کڕینی پێداویستییەکاندا تەنیا بەپێی پێویستییەکانیان کڕین بکەن و لە کۆکردنەوەی کاڵا بە بڕی زۆر خۆ بپارێزن.

ئەو هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کرد کە هەر کاتێک بە کاڵایەکی بە نرخێکی زۆر گرانەوە ڕووبەڕوو بوونەوە، ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەنەوە و لە بەرامبەر گرانفرۆشیی زۆردا هاوکاری بایکۆتی ئەو کاڵایانە بن.

بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سزاکانی سەرپێچییەکان بریتین لە داخستنی شوێنی بازرگانی یان سزای دارایی، کە بڕەکەی لە 50 هەزار دینارەوە تا پێنج ملیۆن دینار دەگات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا