ژنى دووگیانى تێدایە
وەزارەتى تەندروستیى ئێران: 202 منداڵ و 223 ژن کوژراون
964+
وریا فەتاح
لە سەرەتای شەڕی ئەم دواییەى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئاماری قوربانیانی مەدەنی بەتایبەت ژنان و منداڵان لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش دەڵێت، خزمەتگوزارییەکانمان نەوەستاون.
وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماری قوربانیانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە دەستپێکی “جەنگی رەمەزان”ـەوە تاوەکو ئێستا 223 ژن کوژراون، کە سێ لەو ژنانە دووگیان بوون.
بەپێی ئامارەکە 202 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 12 منداڵیان خوار تەمەن پێنج ساڵن، هەروەها 41 منداڵی دیکەی خوار دوو ساڵیش بە سەختی بریندار بوون.
زیانەکان تەنیا بۆ سەر هاوڵاتیان نەبوون، بەڵکو کەرتی تەندروستیش زیانی زۆری بەرکەوتووە، 153 بنکە و ناوەندی تەندروستی پێکراون و سێ کارمەندی تەندروستیش لە کاتی بەهاناوەچوون و راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا کوژراون بوون.
وەزارەتی تەندروستی ئێران جەخت دەکاتەوە، سەرباری ئەو دۆخە سەختە و بەئامانجگرتنی بنکەکانیان، بەڵام چارەسەرکردنی برینداران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەبێ وەستان بەردەوامە.