شارەوانی هەولێر کۆشک و کەپرەکان لەسەر پیادەڕۆکان لادەبات – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر
"زێدەڕۆیین و سیمای شاریان تێکداوە"
شارەوانی هەولێر کۆشک و کەپرەکان لەسەر پیادەڕۆکان لادەبات
شۆڕش قادری
شارەوانی هەولێر کۆشک و کەپرەکان لەسەر پیادەڕۆ و کەرەتە سەوزەکان لادەبات و دەڵێت، زێدەڕۆیین و نابێ بمێنن.
بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر چەند وێنەیەکی ساتی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتەی داناوە و نووسیویەتی، “لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، تێمێکی هاوبەش کە پێکهاتبوو لە لێژنەی چاودێری و بەدواداچوون سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی 3 و شارەوانیی 4 و لەگەڵ هەماهەنگی پۆلیسی شارەوانیی هەولێر، هەڵمەتێکی هاوبەشیان بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ئەنجامدا”.
لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا، زێدەڕۆییەکان لە دەورووبەری کۆشکەکان، کورسی و مێز، نێرگەلە، کەپر و و باخچە نایاساییەکان کە لە بەردەم ماڵەکان و لەسەر کەرتە سەوزەکان دروست کرابوون، لابران.
سەرجەم ئەو زێدەڕۆیانە دوای پێدانی ئاگادارکردنەوە و پسوڵەی یاسایی پێشوەختە، بە پێی یاسا لابراون، چونکە بوونەتەهۆی شێواندنی سیمای گشتی و دیمەنی شەقامە سەرەکییەکانی شار.
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر جەخت لە بەردەوامبوونی ئەو هەڵمەتە دەکاتەوە، بە مەبەستی پاراستنی کەرتە سەوزەکان، رێگریکردن لە زێدەڕۆ و بەخشینی سیمایەکی جوانتر، رێکخراوتر و شارستانیانەتر بە پایتەخت.