لە 24 کاتژمێری رابردوو چی گوزەرا؟

بوومەلەرزەی سیاسی عێراق و شەڕە دەنوکی ئێران و ئەمریکا

بوومەلەرزەی سیاسی عێراق و شەڕە دەنوکی ئێران و ئەمریکا، کورت و پوخت پێتان دەڵێین، لە 24 کاتژمێری رابردوو چی گوزەرا.

بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە بەغدا و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق دەستیپێکرد و لە هەولێریشەوە چەند گەندەڵێک رەوانەی بەغدا کرانەوە.

زەیدی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەکەی رایگەیاند، حکومەت راوەدووی هەر کەسێک دەنێت کە سامانی گشتی بدزێت، داوایشی کرد، هەر کەسێک سامانی گشتی لەبەردەستدایە بیگەڕێنێتەوە، چونکە دەبێت، سامانی گەل بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

عەلی زەیدی: هەر لایەنێک تێبینی لەسەر وەزیرەکان هەیە بۆم بنێرێت، نایەڵم یەک سەعات لە پۆستەکانیان بمێننەوە.

بەپێی راگەیەنراوی فەرمی، لە کۆی 47 پەرلەمانتار و وەزیر و کاربەدەست کە لە دۆسیەکانی گەندەڵی تێوە گلاون و دەستگیر کراون، 15ـیان ئەندامانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانن، کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی دەکات.

رۆیتەرز: ژمارەیەک لەو بەرپرسانەی ناویان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا هاتووە، توانیویانە پێش گەیشتنی هێزەکانی دژە تیرۆر لە ناوچەی سەوزی بەغدا رابکەن و هەڵبێن، بۆیە پڕۆسەی گەڕان و بەدواداچوونەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق: ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لە دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاون، لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بەردەوامە.

ژمارەیەک بەرپرس و دەسەڵاتداری عێراق هەرزوو کەوتنەخۆ و پشتیوانى خۆیان بۆ هەڵمەتى دەستگیرکردنى گەندەڵکاران راگەیاند، لەوانەش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیران.

قاسم ئەعرەجی: حکومەت لە دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و پاراستنی سامانی گشتی بەرەو پێشەوە دەڕوات، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چیتر تەنها دروشم نییە بەڵکو سیاسەتێکی نیشتمانییە.

لەگەڵ ئەم بوومەلەرزە سیاسییەی عێراق، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراق کۆبووەوە.

عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەرەوەی عێراق رایگەیاند، “سەردانەکەم لە کاتێکی تایبەتدا بوو و چەند پرسێکی سیاسیی و ئەمنیی و ئابووری تاوتوێ دەکەین”.

چەند رۆژێکە شەڕە دەنوکی ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردووەتەوە و ناوبەناو لە گەرووی هورمز و دەورووبەری هێرش دەکەنە سەر بەرژوەندییەکانی یەکتر و هەردوولاش یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست و بەڵێنەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “بەهۆی پێشێلکردنی دووبارەی ئاگربەست، فڕۆکە جەنگییەکانمان کۆگاکانی موشەک و درۆنیان لە نزیک کەناراوەکانی ئێران کردووەتە ئامانج، وادیارە ئەوان پەند لە وانەکانی پێشوو وەرناگرن”.

ترەمپ: رەنگە رۆژێک بێ، کە نەتوانین بە لۆژیکی هەڵسووکەوت بکەین و ناچار بین بە یەکجاری و بەشێوەی سەربازیی ئیشەکەمان تەواو بکەین، ئەگەر ئەو کارە بکەین، ئیدی کۆماری ئیسلامی ئێران نامێنێت.

پێش ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران لە پەیامێکدا داوای بەسزا گەیاندنی سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و جوڵاندندنی دۆسیەی تاوانەکانی ئەو دوو وڵاتەی لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردبوو.

موجتەبا خامنەیی: هێرش کردنەسەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە دەرمانییەکان و هەروەها کوشتنی منداڵان و بەتەمەنەکان لە شەڕەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا و لە سەرووی هەمووشیانەوە، رابەرمان، بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، سەدان دۆسیەی یاسایی گرنگ پێکدەهێنن.

ئەکسیۆس: بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا رێککەوتوون هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر رابگرن و بەنیازن، سبەی سێشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەبارەت بە ناکۆکییەکان لە گەرووی هورمز گفتوگۆ بکەن.

یەكەم یاری قۆناغی كرانەدەرەوە لەبەرژەوەندی خاوەن ماڵ كۆتایی هات، كەنەدا بەگۆڵێكی یاریزان ئۆستاكیۆ لە دواسات گۆڵی بردنەوەی دژی ئەفریقای باشوور تۆماركرد و بەفەرمی و بۆیەكەم جار لەمێژوودا، گەیشتە قۆناغی 16ـی جامی جیهانی.