هەواڵەکان؛

روقیە بەشکۆوە لەناو کوردان ماڵئاوایی لێکرا و داوای بایکۆتی پێپسیە عێراقیەکەش دەکرێت

ژووری هەواڵ

لە خۆڕا نییە دەڵێن، ئەگەر لەناو کوردان لێت قەوما، خەمى هیچت نەبێت، نۆ رۆژ بوو هەڵەبجە و هەورامان چاویان لەسەر چەمی زەڵم بوو، تیمەکان و خۆبەخشان ساتێک نەوەستان، تا دواجار بە نۆ کاتژمێر تەرمەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا.

لە کاتێکدا بەشێک گەڕەکەکانی سلێمانی تینوون، لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانییەوە کارێزێکی خێر و بەرەکەت تەقیوە، بەڵام ئاوە سازگارەکەی لە جیاتی ئەوەى تانکى ماڵێک پڕ بکات، بەبێ نازى دەڕژێتە ئاوى مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکانەوە.

لە سەرەتای بەهارەوە، ئاوێکی زۆر بەبێ هیچ سوودێک بەفیڕۆ دەچێت، 964 چیرۆکى کارێزەکەى بردووەتە لاى وتەبێژى زانکۆ، بەڵام ئەو وتى،”تیمێكی تەكنیكی باشمان لەناو زانكۆی سلێمانی هەیە، ئاگادار نیم بۆچی ئەو ئاوە بەو شێوەیە دەڕوات و چۆن سوودی لێ وەرنەگیراوە”.

یاریزانانى عێراق هەر لە مۆندیال وەزعیان خراپ نییە، تەنانەت لەسەر ئەو پێپسییەش کە ئاڵا و وێنەى سێ یاریزانى هەڵبژاردەکەى لەسەرە، لە بازاڕدا داواکارى لەسەرە قەدەغە بکرێت.

دزیى وڵاتان، بانک دەبڕن و کەلوپەلى بە نرخ دەدزن، کەچى دزێک لاى خۆمان دەستگیرکراوە بە نرخترین شت دزیبێتى کێبڵ و سندوقى تەماتەوە و ماتۆڕسکیل و قەل و مریشک بووە.