دەیان پزیشکی ددان بێکارن

سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددان دەکات

964+

فەرمان سادق

لە کوردستان هەشت کۆلیژی پزیشکی ددان هەیە و ژمارەی پزیشکانی ددانیش بە قسەی سەندیکای پزیشکان بێت ئەوا زۆر لە ستانداردی جیهانی زیاترە. نەقیبی پزیشکانی ددان دەڵێت: پزیشکی بێکارمان زۆرە و داوامان کردووە کۆلیژەکانی پزیشکی ددان دابخرێن.

بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، بۆ هەر 1700 کەسێک پێویستە پزیشکێکی ددان هەبێت، بەڵام لە کوردستان بە قسەی سەندیکای پزیشکانی ددان بێت ئەوا بۆ هەر 1400 کەسێک پزیشکێک هەیە.

لە کوردستان چوار هەزار 600 پزیشک هەیە، پزیشکمان هێندە زۆرە بەشێکیان بێ ئیش و کارن

دکتۆر شاخەوان قادر، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددان بە 964ـی وت، لە ژمارەی پزیشکان بە پێوەری ژمارەی دانیشتووان لە ستانداردی جیهانی تێمانپەڕاندووە، تەنانەت پزیشکمان هێندە زۆرە، بەشێکیان بێ ئیش و کارن، بۆیە دەبێت وەک لیبیا بکەین کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی زۆری ژمارەی پزیشکانی ددان، کۆلیژەکانی پزیشکی ددانی داخست.

لە کوردستان چوار هەزار 600 پزیشک هەیە، جگە لەوانەی دەرچووی زانکۆن و دانەمەزراون.

داوای داخستنی کۆلیژەکانی ددانمان کرد کەچی سێ کۆلیژی دیکە کرانەوە

964 دەزانێت، لە کوردستان سێ کۆلیژی ددانی حکومەی هەیە، هەروەها پێنج کۆلیژی ئەهلیش هەیە.

دکتۆر شاخەوان قادر، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددان ئاشکرای دەکات کە زانیارییان هەیە ساڵی داهاتوو دوو بۆ سێ کۆلیژی دیکەی ددان دەکرێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەک سەندیکا بە فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کە کۆلیژییە ئەهلییەکان دابخرێن.

زیاتر وتی “ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و پرسیویەتی بۆچی سەندیکای پزیشکانی ددان داوای داخستنی کۆلیژە ئەهلییەکان دەکات؟ کەچی دوای نووسراوەکەی ئێمە سێ کۆلیژی دیکەی پزیشکی ددان کراوەتەوە، دەزانین ساڵی داهاتووش سێ کۆلیژی دیکەش بکرێتەوە”.

کوردستان پێویستی بە دوو کۆلیژی ددان هەیە

بە قسەی نەقیبی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو کۆلیژی حکومی هەیە نەک سێ دانەی حکومی و پێنجی ئەهلی.

زیاتر وتی “ساڵانە کوردستان پێویستی بە 100 پزیشکی ددان هەیە، بەڵام بەو هەشت زانکۆیە 700 بۆ 800 پزیشک دەردەچن”.