ئەمشەو لە خوار سێ هەزارەوە بارکراوە

مژدەیەک بۆ هاووڵاتیان؛ لە سبەینێوە نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

وریا فەتاح

دوای ئەوەی لە رۆژانی ڕابردوودا نرخی گۆشتی مریشک بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و نرخی یەک کیلۆگرام گەیشتە نزیکەی 4500 دینار، بڕیارە لە سبەینێوە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و هاووڵاتیان دەتوانن بە هەرزانتر بیکڕن.
لەمشەوەوە نرخی گۆشتی مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە روو لە دابەزین دەکات و لە خوار 3000 دینار دەخرێتە بازاڕەوە. لە کاتێکدا لە شەوانی رابردوودا هەر کیلۆیەک لە کێڵگەکان بە 3250 دینار بار دەکرا، لەمشەوەوە ئەو نرخە بۆ 2400 تا 2750 دینار دابەزیوە.
پێشبینی دەکرێت بۆ سبەینێ، نرخی یەک کیلۆگرام مریشکی بچووک لە بازاڕەکاندا لە دەوروبەری 2750 دینار بێت، و مریشکی گەورەش لە نێوان 3000 بۆ 3250 دینار بفرۆشرێت.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکى کۆمەڵەى کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964ـى وت،”تێچووی 65% بۆ 70%ـی بەخێوکردنی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ئالیک. پێش دەستپێکردنی شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران، نرخی یەک تۆن ئالیک 600 بۆ 610 هەزار دینار بوو، بەڵام تەنها لە ماوەی 10 رۆژدا گەیشتە 825 هەزار دینار. هەرچەندە ئێستا نرخەکەی هەرزان بووەتەوە و دەوروبەری 715 هەزار دینارە، بەڵام هێشتا 110 هەزار دینار لە نرخی جاران گرانترە، ئەوەش هۆکارى سەرەکى بەرزبوونەوەى نرخى مریشکە”.

بەوتەى نازم عەبدوڵا، یەکێکى تر هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى مریشک ئەوەیە کە لە ماوەی رابردوودا نرخی یەک تۆن غاز لە 850 هەزار دینارەوە بۆ 4 ملیۆن دینار بەرزبووەوە، هەروەها نرخی 100 دۆلاریش لە 148 هەزارەوە بۆ 155 هەزار دینار بەرزبووەوە.

بەپێی ستانداردی جیهانی، ساڵانە هەر تاکێک پێویستی بە 24 کیلۆگرام گۆشتی مریشک هەیە. بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147 هەزار تۆن گۆشتی مریشک هەیە، بەڵام وەک ئەوەى نازم عەبدوڵا ئاشکراى دەکات، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنان زۆر زیاترە و ساڵانە 400 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت.

لە هەرێمی کوردستان 1985 پڕۆژەی پەلەوەریی مۆڵەتدار هەیە کە پێکدێن لە نزیکەی 3000 هۆڵ، لەگەڵ بوونی نزیکەی 800 پڕۆژەی نایاسایی.