حەفتا ساڵە بڕیارە شەقامێک لە کۆیە بکرێتە دووساید
کاسبکارێکی شەقامی حاجی قادر؛ منداڵ بووین وتیان دەکرێتە دوو ساید
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
شەقامی حاجی قادر لە کۆیە کە سەنتەری قەزاکە بە چوار ریانی کتێبخانەی گشتی شارەکەوە دەبەستیتەوە و درێژیەکەی 400 مەترە، لە ساڵی 1954ـەوە بریارە بکرێتە دوو ساید، لەوکاتەشەوە تا ئێستا نزیکەی 20 قایمقام لە شارەکه گۆڕاوە، بەڵام ئەو پڕۆژە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
کاسبکارێکی سەر شەقامەکەش کە سەر و ریشی سپی بە 964ی وت، بە منداڵی یاریمان لەسەر ئەم شەقامە دەکرد، دەیانووت دەکرێتە دوو ساید.
دلاوەر سەدرەدین و نورەدین عەلی دوو کاسبکاری سەر شەقامی حاجی قادرن و بە 964یان وت، ئێمە منداڵبووین و لەسەر ئەم شەقامە یاریمان دەکرد، باب و باپیرانمان دەیانوت ئەم شەقامە دەکرێتە دووساید، ئێمەش پێمان ناخۆش بوو دەمانوت حەیف شوێنی یارییەکەمان تێکدەچێت، بەڵام ئێستا سەر و ڕیشمان سپی بوو شەقامەکە هەر وەک خۆیەتی.
ئەوان پێکەوە بۆ پەیامنێری 964 قسە دەکەن و دەشڵێن، دوای حکومەتی پێشووی عێراق و لەسەردەمی حکومەتی هەرێمیش چەندجارێک بانگراوینەتە قایمقامیەت کە گوایە ئاگادارمان کەنەوە کە دوکانەکانمان تێکدەدرێت و دەکرێتە شەقام و چەنجارێکیش مەیدانی خۆیان هاتونەتە شوێنەکە و هەر دەڵێن دەکرێتە دوو ساید و تا ئێستاش هیچ شتێک روون نیە.
بۆ ئەم مەبەستە 964 چەند رۆژێکە له پەیوەندی دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەدیدارەکان و محەمەد میرحاج سەرۆکی شارەوانی کۆیە و وەڵامی پەیوەندیەکان ناداتەوە و تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیەش وتی بابەتێکی ئەندازیاریە و من ئاگاداری وردەکارییەکەی نیم و پێویستە سەرۆکی شارەوانی قسە بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا