تەقتەق
باوکى نۆ منداڵ بە زەردەواڵە گیانى لەدەستدا
کاروان ساڵحى- کەرکوک
جوتیارێک لە سنوورى تەقتەق دوای ئەوەی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەی شەق لە قوتوویەک هەڵدەدات، رووبەڕووی هێرشی زەردەواڵە دەبێتەوە و بەهۆی پێوەدانیانەوە هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.
سەیفەدین عەبدولقادر، برازای ئەو هاووڵاتییە، چیرۆکی رووداوەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتى،”مامم ناوی عومەر قادرە و دانیشتووی گوندی ئۆمەرگومەتە، بەرهەمی زستانەی چاندبوو. ئەمڕۆ دوای ئەوەی لەگەڵ کوڕەکانی نوێژی عەسر دەکەن و چای عەسر دەخۆنەوە، هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بڕواتەوە سەر کارەکەی، بەڵام لە رێگادا بەبێ مەبەست شەق لە قوتوویەک هەڵدەدات کە زەردەواڵەی تێدا بووە.”
بەپێی قسەی برازاکەی، زەردەواڵەکان بە کۆمەڵ هێرشیان کردووەتە سەری و بە دەست و گوێچکەیانەوە داوە. بەهۆی هەستیارییەکی زۆر و دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێنییەوە، دەستبەجێ دۆخی تەندروستی تێکچووە. هەرچەندە نێوان گوندەکە و نەخۆشخانە تەنیا 10 خولەک رێگایە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
مام عومەر کە ئەو پیاوەیە بەهۆى رووداوەکە گیانى لەدەستداوە، تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە و باوکی 5 کچ و 3 کوڕە. سەیفەدینی برازای ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمەکەیان لە نەخۆشخانە وەرگرتووەتەوە و لە رێگادان بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی گوندی ئۆمەرگومەت بە خاکی بسپێرن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح