شەمەندەفەرەکەی کوردستان لەگەڵ خۆیدا ژیانیش دەگۆڕێت
964+
فەرمان سادق
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی سەرقاڵی داڕشتنی کەڵکی ئابووریی دانانی هێڵی شەمەندەفەرە. شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی سەرپێخستنی پڕۆژەکە لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت بەسەر کەمکردنەوەی قوربانییە مرۆییەکانی هاتوچۆ و پیسبوونی ژینگەی هەوا کە ئۆتۆمبێل دووەم هۆکاریەتی.
ویسام نازم 28 ساڵە و دەرچووی بەشی ئاداب ئینگلیزی زانکۆی موسڵە، بۆ سەیرکردنی یارییەکانی کەنداوی 25 لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە بەغداوە بە شەمەندەفەر دەچێتە بەسڕە.
لە موسڵ بۆ بەغدا هێڵی ئاسنی هەیە بەڵام شەمەندەفەر نییە، ئەوان ناچار بوون بچنە بەغدا و بەهۆی هەرزانی نرخەوە بە شەمەندەفەر بچنە بەسڕە.
ویسام نازم قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بۆ ئێمەی گەنج نرخەکە هەرزان بوو، 10 هەزار دینار بەراورد بە 30 بۆ 50 هەزار بە ئۆتۆمبێل زۆرە، بەڵام ئەوەش هەیە کە رێگایەکە بە شەمەندەفەر زۆر دوور دەکەوێتەوە و بێزارکەرە.
دووری نێوان بەغدا بۆ بەسڕە، 529 کیلۆمەترە و بە ئۆتۆمبێل چوار کاتژمێر و 36 خولەکە، ئەگەر لە هیچ شوێنێک نەوەستێت، بەڵام بە وەستانەوە دەگاتە پێنج بۆ شەش کاتژمێر.
عێراق لە ساڵی 1916ـەوە خاوەنی هێڵی شەمەندەفەرە، بەڵام دوای جەنگی لەگەڵ ئێران و دواتر داگیرکردنی کوەیت کە بەهۆیەوە گەمارۆی ئابووری درا و بەدوایدا لە 2003 رژێمی بەعس رووخا، ئەو ماوە زۆرە هیچ چاکسازییەک و پێشخستنێک لە هێڵی ئاسنی عێراق نەکراوە، تەنانەت ئەوەیشی هەبوو پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبووە کە وەک پێویست نەکراوە.
لە بەغداوە بە 10 هەزار گەشتی بەسڕە بکە
مازن عانی، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای زانیاری لە کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراقی قسەی بۆ 964 کردووە و ئەوە رووندەکاتەوە کە هێڵی ئاسنی عێراقی پێویستی بە دووبارە نۆژەنکردنەوە هەیە، دەستدرێژی زۆری کراوەتەسەر.
وەها باس لە خزمەتگوزارییەکانیش دەکات کە رۆژانە لە کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە شەمەندەفەر لە بەغداوە بەرەو بەسڕە دەکەوێتەڕێ و سەعات 5:30ـی بەرەبەیان دەگاتە جێ، بە پێچەوانەوەش لە بەسڕە کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت و کاتژمێر 5:30ـی بەرەبەیان دەگات، واتە گەشت بە شەمەندەفەر 10 کاتژمێر دەخایەنێت.
نرخی پلیتی گەشتیاری پلە یەک بۆ هەر نەفەرێک 15 هەزار دینارە، پلە دوو 10 هەزار دینارە، هەرچی سویتی بچووکە کە جێگەی نووستنیشی تێدایە بۆ دوو نەفەر 60 هەزارە، پلە دووەکەی 100 هەزارە بۆ چوار کەس.
دەشڵێت: راستە رێگایەکە دوورە بەڵام گەشتکردن بە شەمەندەفەر سەلامەتترە بەراورد بە ئۆتۆمبێل، چونکە ئۆتۆمبێلەکانی رێگای بەغدا بەسڕە لە 150 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەمتر لێناخوڕن.
ئەو شەمەندەفەرەی لە بەغداوە بەرەو بەسڕە دەڕوات، لە وێستگەکانی بابل، حلە، دیوانیە، سەماوە، ناسڕییە دەوەستێت و ئینجا دەگاتە بەسڕە.
مانگی داهاتوو جەدوا ئابوورییەکەی دامەزارندنی هێڵی شەمەندەفەری کوردستان تەواو دەبێت
ئێستا هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ دایە بۆ دانانی هێڵی ئاسنین، گفتوگۆیەکە دوو بەشە، بەستنەوەی شارەکانی کوردستان بەیەکەوە و بەستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا.
ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ کۆمپانیای کۆنسڵ ترانسی ئیسپانی دەگەڕێتەوە بۆ شەش مانگ پێش ئێستا، کۆمپانیای ناوبراو ئەرکیەتی کەڵکی ئابووری یان بەهای ئابووری (جدوی الاقتصادی) پڕۆژەکە بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەسەر بنەمای ئەو جەدوا ئابوورییە بڕیار لەسەر دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر لە کوردستان دەدرێت.
ئارێز محەمەد سوڵتان، راوێژکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لەوانەی لە وەزارەت لەناو گفتوگۆکان دایە لەگەڵ کۆمپانیا ئیسپانییەکە، ئەو قسەی بۆ 964 کردووە و ئاشکرای دەکات کە مانگی نیسانی داهاتوو یان ئایار، کۆمپانیا ئیسپانیایەکە کەڵکە ئابوورییەکەی تەواو دەکات.
لە جەدوا ئابوورییەکەدا ئەوە رووندەکرێتەوە کە هێڵی شەمەندەفەرەکە بەکوێدا تێدەپەڕێت و سوودەکانی چین و خەرجییەکەی چەند دەبێت و وەبەرهێنیش دەزانێت ئەگەر ئەو پڕۆژەیە ئەنجامبدات ئەوە چەند پارەی تێدەچێت و بە چەند ساڵ پارەکەی دەستدەکەوێتەوە.
“لەو جەدوا ئابوورییەدا، رێگای نێوان هەولێر سلێمانی دەبێتە کاتژمێک و نیو کە ئێستا بە ئۆتۆمبێل دوو کاتژمێر و نیو زیاتریش دەبێت، نێوان هەولێر و دهۆک دەبێتە کاتژمێرێک کە بە ئۆرۆمبێل دەگایە کاتژمێرێک و نیو بۆ دوو کاتژمێر، هەروەها ئەو هێڵە کوردستان لە دهۆک و کەرکوک بە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش گرێ دەدات، رێژەی 60%ـی بارهەڵگر دەبێت و 40%ـی گواستنەوەی نەفەرە”. ئارێز محەمەد سوڵتان وادەڵێت، باس لەوەش دەکات کە ئەوەی تائێستا روونە لە جەدوا ئابوورییەکە و بەپێی ستانداردی ئەوروپی بێت پڕۆژەکە تێچووی گواستنەوەی بارێک بە شەمەندەفەر بەراورد بە لۆری تاوەکو 60%ـی خەرجییەکەی کەم دەکاتەوە، بەڵام شەمەندەفەرەکە ناچێتە چەقی شارەکان، بەڵکو هەوڵدراوە نزیک بێت لە ناوچە پیشەسازییەکان و کارگۆی فڕۆکەخانەکان.
لەو جەدوا ئابوورییەدا، رێگای نێوان هەولێر سلێمانی دەبێتە کاتژمێک و نیو، نێوان هەولێر و دهۆک دەبێتە کاتژمێرێک
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بێت، دوو ملیۆن و 41 هەزار و 147 ئۆتۆمبێل تاوەکو 31.12.2022 لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، هاوکات 18 ھەزار و 819 ماتۆرسیكڵ تۆماركراون.
هەر بەپێی ئامارەکان بێت کە عەمیدی پۆلیسی هاتوچۆ، روشدی محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە 10.1.2023 رایگەیاند، لە ساڵی 2022 سێ هەزار و 706 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 78ـیان لە رەگەزی مێ و 367ـەکەی دیکەش لە رەگەزی نێر بوون، هەروەها حەوت هەزار و 225 کەسیش برینداربوون و هەزار و 586 کەسیان مێ بوون و پێنج هەزار و 639 کەسیشیان لە رەگەزی نێر بوون، لە کۆی گشتی رووداوەکان 444 رووداویان تەنیا بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە روویانداوە.
لە کوردستان دوو ملیۆن و 41 هەزار وە 147 ئۆتۆمبێل هەیە
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تێچووی چاککردنەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک دوای رووداوی هاتوچۆ لایەنی کەم 10 هەزار دۆلارە.
فازڵ حاجی، وتەوبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، بوونی پڕۆژەیەکی وەها و بەستنەوەی شارەکانی کوردستان بە هێڵی شەمەندەفەر بە یەکترییەوە، کاریگەری ئەرێنی زۆری دەبێت بەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکانی دەرەوەی شار و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
دەشڵێت: ئەگەر شەمەندەفەرەکە توانای هەبێت هەزار تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە ئەوا جولەکردنی یەک شەمەندەفەر زیاتر لە 15 ترێلەی 60 تۆنی لە شەقامەکان دوور دەخاتەوە.
فازڵ حاجی، نمونەی رێگای هەولێر کۆیە دەهێنێتەوە کە زیاتر لە %70ـی رووداوەکانی هاتوچۆی ئەو رێگایە هۆکارەکەی بارهەڵگرەکانن.
زیاتر وتیشی “جگە لە کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، ئەوا تەمەنی شەقامەکانیش درێژ دەبن و زوو زوو تێک ناچن، هەروەها خەمی ئەوەش لە کۆڵ حکومەت دەکاتەوە کە بەردەوام سەرقاڵی فراوانکردنی رێگاکانە”.
70%ـی رووداوەکانی هاتوچۆی رێگاکانی دەرەوەی شار کەم دەکاتەوە
رێکخراوی بیمە بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەساڵی 2022 راپۆرتێکی شیکاری و مەیدانی ئەنجامداوە لەسەر ژینگەی هەوای کوردستان.
بەپێی راپۆرتەکە بێت، ئۆتۆمبێل دووەم هۆکاری پیسبوونی ژینگەی هەوای کوردستانە لە دوای پاڵاوگە نا یاساییەکانی سووتەمەنی کە ژمارەیان لە راپۆرتەکەدا بە 200 پاڵاوگە زیاتر هەژمار کراوە.
بەپێی راپۆرتەکە بێت، ئەو ئۆتۆمبێلانە گازەکانی (Co2, Co, So2, No) ئۆکسیدی کاربۆن، دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد فڕێدەدەن.
رێکخراوی بیمە: ئۆتۆمبێل دووەم هۆکاری پیسبوونی هەوایە لە کوردستان
هیوا عومەر، بەرپرسی رێکخراوی بیمە پێیوایە بوونی سەرووی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و هەزاران مۆلیدەی بەرهەمهێنانی کارەبا، هۆکارن لە پیسبوونی ژینگە، بەتایبەت کاتێک بەشێکیان سووتەمەنی کوالێتی خراپ بەکاردەهێنێت.
دەشڵێت: بوونی هێڵی شەمەندەفەر چەندە گرنگە بۆ گەیاندنی هاوڵاتیان و زیاتر رۆچوون بەناو شارستانی بوونی زیاتری شارەکان، لە دیوە ژینگەیەکەشدا دەبێتە فاکتەرێک بۆ پاککردنەوەی هەوا تاوەکو رێژەی زیاتر لە %10.
چالاکوانێکی ژینگە: شەمەندەفەر تاوەکو 10%ـی هەوای کوردستان پاک دەکاتەوە
ئەگەرچی هێشتا گرێبەست نەکراوە، بەڵام ویستی حکومەتی هەرێم بە سیستمی (PPP) کە هاوبەشییە لەنێوان کۆمپانیا و حکومەت هێڵی شەمەندەفەرەکە دابمەزرێنێت، ئەمەش پێچەوانەی هێڵی شەمەندەفەری عێراقییە کە تەواو موڵکی دەوڵەتە.
ئارێز محەمدە سوڵتان دەڵێت: ئەوەی ئێمە تەواو جیاوازە لەوەی عێراق بەهۆی جەدوا ئابوورییەکە و بوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دۆیچە بانی ئەڵمانی بۆ قۆناغی دوای جەدوا ئابوورییەکە، زیاتر وتی “ئەگەر کۆمپانیای دۆیچە بان کارەکە بکات ئەوا تەواو جیاواز دەبێت لەوەی عێراق”.
هەر بەپێی جەدوا ئابوورییەکە، وەک ئارێز محەمەد سوڵتان باسی دەکات، تێچووی گواستنەوە لەسەر هاوڵاتیان زۆر کەم دەکاتەوە، هەروەها 15% بۆ 20%ـی قەرەباڵغی سەر شەقامەکانیش کەم دەکاتەوە بەمەش رووداوەکانی هاتوچۆ کەمتر دەبنەوە، هەروەها پیسبوونی ژینگەش کەمتر دەبێتەوە.
زیاتر وتی “ئەگەر شەمەندەفەرێک جێگەی 500 سەرنشین ببێتەوە ئەوا تاوەکو 250 ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان کەم دەبێتەوە، ئەگەریش توانای هەڵگرتنی هەزار تۆنی هەبێت ئەوا تاوەکو 30 بارهەڵگری 36 تۆنی لە شەقامەکان کەم دەکاتەوە”.
بە قسەی ئارێز بێت، پلان ئەوەیە لەم کابینەیەدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە، وتیشی “هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە لەم کابینەیەدا گرێبەستەکە بکەین و لە کۆتایی کابینەی داهاتوو سەر شەمەندەفەرەکە بکەوین”.
ئارێز محەمەد: ئەگەر شەمەندەفەرێک جێگەی 500 سەرنشین ببێتەوە ئەوا تاوەکو 250 ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان کەم دەبێتەوە
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بێت لە دوو مانگی رابردوودا 41 هەزار 748 هاوڵاتی هێڵی شەمەندەفەری بەغدا بەسڕەی بەکارهێناوە کە تێکڕای رۆژانەی دەکاتە 695 کەس.
هیوا عومەر: ئەوەی حکومەتی هەرێم باسی دەکات دەتوانی لە کەرتی تایبەت لە هەولێر کار بکەیت و ماڵت لە سلێمانی یان دهۆک بێت
هیوا عومەر، وەک چالاکوانێک باس لە دیوێکی دیکەی سوودی شەمەندەفەر دەکات و دەڵێت: لە زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی پێشکەوتووی هێڵەکانی شەمەندەفەر، هاوڵاتیان نزیکەی دوو کاتژمێر شوێنی کارەکەی لە ماڵەکەی دوورە و گرفتیشی نییە.
دەشڵێت: ئەگەر ئەوەی حکومەتی هەرێم باسی دەکات کە رێگای نێوان شارەکان بەمجۆرە کورت ببێتەوە، ئەوا دەکرێت خوێندکاری زانکۆ بیت و ماڵت لە سلێمانی بێت و لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بخوێنی، دەتوانی لە کەرتی تایبەت لە هەولێر کار بکەیت و ماڵت لە سلێمانی یان دهۆک بێت.