دوای دوو ساڵ بەشی منداڵبوون لە سێمێل کرایەوە

964+
هێڤی دێوالی – دهۆک

ماوەی دوو ساڵە بەشی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی فێرکاری قەزای سێمێل داخرابوو، ئەمڕۆ هەینی کرایەوە.

بەشی منداڵبوون، لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی قەزای سێمێل، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخرابوو.

ئەمڕۆ 8.3.2023، دووبارە ئەو بەشە بەڕووی چارەخوازان کرایەوە.

دکتۆر رێژین سلێمان، بەڕێوەبەری بەشی لەدایکبوونی نەخۆشخانەی سێمێل بە 964ی وت، “کردنەوەی ئەو بەشە گرنگە، چونکە بەهۆی داخستنیەوە فشارێکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دهۆک درووستکردبوو”.
دکتۆر رێژین ئەوەشی وت “لە ئێستادا دەتوانین ئەو ژنانە وەربگرین کە باری تەندروستییان زۆر خراپ نییە یاخود مەترسییان لەسەر نییە، لەبەر نەبوونی هوڵی نەشتەرگەری”.

بەپێی زانیارییەکانی 964 بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی سێمێل 24 کاتژمێر کراوە دەبێت، لەو بەشە پزیشکێکی تایبەتمەند، یاریدەدەرێک و ستافێک لە پەرستاران هەن.

قەزای سێمێل بە دووری 16 کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک، دوو ناحیە و 15 گوند لەخۆدەگرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی