"دەرگای لەسەر داخراوە و نەیانزانیوە"

منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە ناو ئۆتۆمبێلی باوکیدا خنکا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

شەوی رابردوو لە قەزای خاڵسی سەربە پارێزگای دیالە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ، دوای ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی باوکیدا گیری خواردبوو، گیانی لەدەستدا.

عەباس جاسم، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی قەزای خاڵس بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ هێنراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دوای پشکنین و توێکاری سەرەتایی، دەرکەوت کە بەهۆی نەبونی ئۆکسجین و کاریگەری گەرما و خنکان لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستداوە”.

چیرۆکەکە بەم شێوەیە بووە؛ کاتێک باوکی منداڵەکە شەوی رابردوو لەکار گەڕاوەتەوە و ئۆتۆمبێلەکەی لە گەراجی حەوشەکەی خۆیان راگرتووە، منداڵەکە بێ ئاگایی کەسوکارەکەی چووەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەرگاکەی لەسەر داخراوە، پاش ماوەیەک گەڕان بەدوایدا لەلایەن خێزانەکەیەوە و دوای چەند کاتژمێرێک، کاتێک دەرگای ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەتەوە، منداڵەکە بە بێهۆشی و لە حاڵەتێکی خنکاندا دۆزراوەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری