پەرلەمانی ئەوروپا
داوا دەکرێت پەروەردە و ناسنامەی کوردی لەو وڵاتە بپارێزرێت
پەرلەمانی ئەوروپا پشتگیری بۆ کوردانی سوریا رادەگەیەنێت
964+
ژێوار خدر
رێگری لە سڕینەوەی کلتوور و ناسنامەی کوردی لە ناو گۆڕانکارییە خێراکانی سوریادا دەبێتە بڕیارێکی فەرمی و داوا دەکرێت پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی پارێزراو بێت، ئەمە ناوەرۆکی ئەو پێشنیازە بوو کە بۆ پاراستنی کورد و کەمینەکانی سوریا خرایە دەنگدان و پەسەند کرا، تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی شارستانییەتی کوردی ئەرکێکی گرنگی نێودەوڵەتییە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئانها، لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییە خێرایانەی لە سوریا روودەدەن، پڕۆژەبڕیارێکیان بۆ پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە پەسەند کردووە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە لەناو ململانێکاندا، مافە مەدەنی و پەروەردەییەکان پێشێل ناکرێن و رێگری لە هەر هەوڵێکی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردییەکان دەکرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە نابێت مافی پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک بۆ کوردەکان پشتگوێ بخرێت و پێویستە ئاگربەست جێگیر بکرێت، پەرلەمانی ئەوروپا داواش دەکات کە کەلەپوور و شارستانییەتی کوردی وەک بەشێکی رەسەن لە مێژووی ناوچەکە بپارێزرێت و رێگری بکرێت لە هەر جۆرە پاکتاوێکی رەگەزی دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان.