دوێنێ شەو چی روویدا؟
دوای 5 رۆژ تەرمی گەنجەکەی کەلار دۆزرایەوە و لە پێکدادانێکیشدا لە تاران 6 کەس بریندار بوون
ژووری هەواڵ
دەزانین کۆتایی هەفتەیە و دەتانەوێ پشوو وەرگرن، بۆیە هەرچی هەواڵ و پێشهاتی گرنگی ناوخۆ و دەرەوە هەیە کورت و پوخت لە شەوی رابردووەوە تا ئەم بەرەبەیانییە چی روویداوە لێرە کۆمان کردووەتەوە؛
📌شەوی رابردوو، تەرمی محەمەد عەبدولرەحمان ئەو گەنجەی لە 12.9.2026 لەسەر رووباری سیروان لە کەلار خنکابوو لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی دۆزرایەوە.
📌میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شەقامی زانکۆی شاری زاهیدان پێکدادان روویداوە، تاران گرووپە چەکدارەکەی ناوچەکەی بە ‘خانەی تیرۆریستی’ وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕ و پێکدادانەکە دوو کاتژمێری خایاندووە و 6 کەس برینداربوون، لە ئێستاشدا سەرجەم شەقامەکانی دەوروبەری شوێنی رووداوەکە داخراون
📌وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، واشنتن لەو هەڵمەتەی ترەمپ پاشگەز نابێتەوە کە ئامانج لێی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵاتی ئێرانە.
📌سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای تۆگۆی لەسەر بووە، لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامیشدا ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە.
📌 ترەمپ بۆ ئاکسیۆس: بەم زووانە بڕیارێکی گەورە سەبارەت بە ئێران دەدەم و رەنگە ناچاربین هێرش بکەینەوە سەر ئێران
📌ترەمپ: بڕیاردان لەسەر لەناوبردن و رووخاندنی رژێمی ئێران بڕیارێکی گەورەیە، لە ئێستادا هەموو بژاردە و ئەگەرەکان لە ئارادان و رەنگە ناچاربین و پێویست بکات کە دووبارە دەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانمان بکەینەوە لە دژی ئێران.
📌سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ تاران هەیە و ئێرانییەکان هێشتا خوازیاری گەیشتنن بە رێککەوتنن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن لە چەند رۆژی رابردوودا ئێران لانیکەم دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای خستووەتە خوارەوە.
📌ترەمپ جەختی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەیەوێت بۆچوونی هاوپەیمانە ناوچەیییەکان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی شەڕ وەربگرێت و رایگەیاند، لەگەڵ ئێراندا گەیشتوونەتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە.
📌ترەمپ: هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە پۆڵەندا بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و بەم زووانە شوێنەکەی دیاری دەکرێت.
📌سەرچاوە رووسییەکان: بەهۆی هێرشێکی ئۆکرانیا بە 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچەی رۆستۆڤ، زیان بە بۆرییەکی غاز و چەند باڵەخانەیەک گەیشتووە.
📌دەستەی دەریایی بەریتانی بڵاویکردەوە، رووداوێکی ئەمنی لە گەرووی هورمز، بە دووریی 16 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری خەسەبی عومان روویداوە
📌وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکەن.
📌واشنتن ڤیزای بۆ ژمارەیەک بەرپرسی ئێران دەرکردووە تا بتوانن بەشداریی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.
📌رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان داوای لە ئێران کردووە رێگری لە حوسییەکان بکات.
📌فۆن دێر لاین رایگەیاند، بڕی 3.3 ملیار یۆرۆی دیکە بۆ ئۆکرانیا خەرج دەکەن، تا بتوانن پێی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکڕن.
📌ماکرۆن جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سوپای لوبنان کۆڵەکەی سەرەکیی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتە.
📌سەرۆکی کۆریای باشوور جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هێزی سەربازی بۆ ناو شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران نانێرێت، ئەوەش وەڵامێک بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن سیئۆل دەیەوێت هێز رەوانەی گەرووی هورمز بکات.
📌سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەیان لە ئاسمانی نزیک پایتەخت خستووەتە خوارەوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری رووسیا دەڵێت، کۆنترۆڵی دوو شارۆچکەی نوێیان لە خارکیڤ و زاپۆریژیا کردووە.
📌 نەیجیریا؛ لە گرتوخانەیەکی هێزە ئەمنییەکانی ویلایەتی نەیجەر لە ناوەڕاستی باکووری ئەو وڵاتە، تەرمی لانیکەم 33 زیندانی دۆزراونەتەوە.
📌داواکاری گشتیی لۆس ئانجڵس لە کالیفۆرنیا، تۆمەتی کوشتنی خستە پاڵ ئافرەتێکی شۆفێر کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشا بە پاسێکدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس؛ هاوکات لە کاتی رووماڵکردنی ئەو رووداوەشدا، کۆپتەرێکی هەواڵگری کەوتە خوارەوە.