لە پانێڵەکانی ئەمڕۆدا چارەسەرکردنی کۆسپەکانی بەردەم بازرگانان و هاندانی وەبەرهێنان تاوتوێ دەکرێت

بۆ رۆژی دووەم لوتکەی سلێمانی بەردەوامە

ژێوار خدر

ئەمڕۆ رۆژی دووەمی “لوتکەی ئابووری سلێمانی” بە بەشداریی فراوانی بەرپرسان، پسپۆڕان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت دەستی بە کارەکانی کرد و گفتوگۆ لەبارەی نەخشەڕێگای گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، لە پانێڵەکانی ئەمڕۆی لوتکەکەدا، تیشک دەخرێتە سەر رێگاکانی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەک یەکێک لە بەشداربووانی سەرەکی، باس لە کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان و پیشەسازان دەکات و هەوڵ دەدرێت لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتدا بەدیلی گونجاو بۆ ئەو ئاڵنگارییانە بدۆزرێتەوە.

دەشڵێت، ئامانجی سەرەکی ئەمڕۆی لوتکەکە، داڕشتنی دیدگایەکی هاوبەشە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر و دروستکردنی هەلی کاری نوێ، لوتکەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پانێڵی گفتوگۆیی بۆ بەهێزکردنی کەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی زیاتری کەرتی تایبەت بە کایە گشتییەکانی حکومەتەوە.