چیرۆکێکى کاریگەرە

ئەمانەتەکەی گەیشتە شوێنى خۆى؛ 10 هەزارەکە بوو بە شیر بۆ منداڵێکی رۆژئاوا

964+
وریا فەتاح

لەناو دەیان تۆن هاوکاریی خەڵکی پشدەر و قەڵادزێ بۆ رۆژئاوا، چیرۆکی “قوتووە شیرێک” جیاوازە، ئەو شیرەی بە پارەی پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کڕدرا و وەک “شکێنەری سنوورەکان” گەیشتە دەستی منداڵێکی ئاوارەی عامودا.

دوێنێ ئەمڕۆ کاروانی “کەمپەینی یەکڕیزی”ی خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر گەیشتە رۆژئاوای کوردستان، عەلی رەسوڵ، ئەندامی کەمپەینەکە لە عاموداوە ڤیدیۆیەکی تایبەتی بۆ 964 ناردووە و چیرۆکی ئەو “ئەمانەتە قورسە” دەگێڕێتەوە.

چیرۆکەکە چییە؟
لە کاتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە قەڵادزێ، پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە عەرەبانەکەیەوە دێت و “10 هەزار دینار” دەداتە لیژنەکە و وەسیەت دەکات: “ئەمە بیدەن بە شیر و بیگەيەننە دەستی منداڵێکی رۆژئاوا”.

ئەمانەتەکە گەیشت
عەلی رەسوڵ لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و دەڵێت، “ئەمڕۆ ئەمانەتەکەمان گەیاند، بەو 10 هەزارە شیرمان کڕی و دامان بە منداڵێکی ئاوارە”.

ئەو ئەندامەی کەمپەینەکە وتیشى،”ئەمە تەنیا قوتووە شیرێک نییە، بەڵکو شکاندنی سنوورە دەستکردەکانە و پەیامی دڵی خەڵکی پشدەرە بۆ براکانیان”.