"نایەڵن پێداویستییەکانمان ببەینەوە ماڵەوە"
کاسبکارانی مەخمور رێگا بەرنادەن و بەنیازن خێمە هەڵبدەن
964+
ئەحمەد شەمزین – مەخمور
هاوڵاتیان و کاسبکارانی مەخمور وا بەئاسانی رێگا بەرنادەن و بەنیازن خێمە هەڵبدەن.
لە دوێنێ ئێوارەوە بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکارانی مەخمور دژی بازگەیەکی حکومەتی عێراق گردبوونەتەوە و رێگای سەرەکیی هەولێر – مەخموریان داخستووە.
ئەوان دەڵێن، رێگایان پێنادرێت کاڵا و بەرهەمەکانیان بەبازگە تێپەڕببێت و تەنانەت بۆشیان نییە کەرەستەی و پێداویستی خۆیان ببەنەوە ماڵەکانیان.
وەلید یونس مریشک فرۆشە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “دوکانەکەم قەپاتە، لەبەر ئەوەی نایەڵن مریشک بکڕم و بیانبەمەوە، هەر دەچینە بازگەکە، بێ هیچ پرسیار و جوابێک دەڵێن، بگەڕێوە”.
کاسبکارانی مەخمور دەڵێن، ئەو کێشەیە تازە نییە و لە ساڵی 2017ـەوە لەگەڵ بازگەکە ناکۆکن، جاربەجار وەزعەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام دووبارە کێشەکەیان سەرهەڵدەداتەوە و ئەوە هەفتەیەکیشە زۆر توندیان گرتووە.
ئەحمەد نەوزاد وەک مامۆستایەکی مەخمور دەڵێت، “بەو هەڵسوکەوتە سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعسم بیردێتەوە، تەنیا تەشقەڵەی سیاسی و تەعریبێکی ترە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری