مۆندیالی 964

کامەیان ریکۆردەکانی مۆندیال دەشکێنن، مێسی یان رۆناڵدۆ؟

ئەرسەلان عەبدوڵا

مێسی و رۆناڵدۆ لە بەردەم سەرکێشی و ژمارەی پێوانەیین لە مۆندیالی 2026

رکابەریی مێسی و رۆناڵدۆ جارێ کۆتایی نایە و لە مۆندیالی 2026یشدا بەردەوام دەبێت، دیسان شەڕی ژمارە و ریکۆردەکان گەرم دەبێت.

مێسی و رۆناڵدۆ زیاتر لە 15 ساڵ کۆنتڕۆڵی هەموو نازناوە تاکەکەسی و خەڵاتەکانیان لە ئەوروپا و جیهان کردبوو، هەموو فۆکەسی میدیا و باس و خواسی کۆڕ و کۆبوونەوە و چایخانە و دانیشتنی خێزانەکانیش لەسەر ئەم دوو برادەرە بوو، بە دەیان کەسیش لەسەر ئەم دوو یاریزانە لەیەکتر عاجز بوون و قسەیان بە یەکتر وتووە.

ئەم رکابەرییە لە 2008 دەستی پێکرد، کاتێک رۆناڵدۆ بالۆن دۆری بردەوە، ئیتر تا 2023 و دواخەڵاتی بالۆن دۆری مێسی بەردەوامی هەبووە، بەڵام کۆتاییشی نەهاتووە.

ئیتر ئەم رکابەرییە لە مۆندیالی 2026 دووبارە دەبێتەوە و رەنگە ئەمە شەڕی کۆتایی بێت، ئەگەر تاقەتیشیان هەبێت شەڕەکە بکەن، چونکە رۆناڵدۆ 41 ساڵی تەمەنە و مێسییش 38 ساڵ زیاترە.

مۆندیالی ئەمجارە دەرفەتە بۆ هەردوو یاریزان تا مێژوویەکی نوێ بۆخۆیان بنووسنەوە و ببنە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی تازە، کە هێشتا هیچ یاریزانێک پێی نەگەیشتووە و وازووش پێی ناگەن.

بەشدارییکردنی ئەمجارەیان لە مۆندیال، دەبێتە شەشەم بەشداریی و هەردووکیان یەکەم دەرکەوتنیان لە مۆندیالی 2006 بوو.

مێسی خاوەن ژمارەی پێوانەییە لە ژمارەی یارییەکانی لە مۆندیال، کە 26 یارییە و بەپێش لوتەر ماتیۆسی ئەستێرەی ئەڵمانی کەوت، کە 25 یاریی کردووە.

مێسی هەر بەوەش نەوەستاوە و هەر خۆی هەموو کات بەدوای ژمارەی پێوانەییەوەیە، ئەوەتا تا ئێستا 2315 خولەک لە مۆندیال یاریی کردووە و پێشتر ژمارەکە بە ناوی پاولۆ مالدیینی ئیتالییەوە بوو، کە 2217 خولەک یاریی کردبوو.

لەولاشەوە کریستیانۆ کە گۆڵکاری مێژوویی تۆپی پێیە و 971 گۆڵی هەیە، هەموو ئامانجیشی گەیشتنە بە گۆڵی ژمارە هەزار، کە پێناچێت وازبێنێ تا دەگاتە ئەم ژمارەیە.

لە ئاستی مۆندیالەکانیشدا هەشت گۆڵی کردووە، بە گشتیش 143 گۆڵی نێودەوڵەتیی کردووە  و گۆڵکاری یەکەمی جیهانە، بەڵام مێسی 13 گۆڵی لە مۆندیالەکاندا کردووە و لە ئاستی نێودەوڵەتییش 116 گۆڵی بۆ ئەرجەنتین تۆمار کردووە.

مۆندیال کەمتر لە مانگێکی ماوە و بزانین رکابەریی دوو ئەستێرە گەورەکەی تۆپی پێ دەگاتە کوێ!