ئیلهام ئەحمەد دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا:
“دەستکەوتی گەورەتر بۆ گەلی کورد بەدیدەهێنین و زامنی مافەکانیشمان لە دەستوور کردووە”
964+
فەرهاد حەسەن
ئیلهام ئەحمەد دوای دوو رۆژ لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، لە شاری قامیشلۆ لە سیمینارێکدا دەڵێت دەستکەوتی گەورەتر بۆ گەلی کورد بەدی دەهێنین و زامنی مافەکانیشمان لە دەستوور کردووە.
رۆژی 5.2.2026 ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی باڵای رۆژیئاوای کوردستان بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی کۆبووە کە یەكێک لە ئاندامانی شاندەکە ئیلهام ئەحمەد بوو.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا، ئەمڕۆ شەممە، لەلایەن یەکێتی رۆشنبیرانی کانتۆنی جەزیرە لە کتێبخانەی شلێر لە شاری قامیشلۆ، سیمینارێکی بۆ رێکخرا کە تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسی سووریا و رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا.
لە سمینارەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆیی و فیتنە لە نێوان پێکهاتەکاندا، وتیشی “دەیانەوێت گەلی کورد لەناوبەرن و بێ ماف و ناسنامە بیهێڵنەوە، بەڵام پڕۆژەی ئێمە بۆ ئازادیی هەموو گەلانە و رێگری لەو پیلانانە دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری حکومەتی کاتی بۆ داننان بە مافەکانی کورد هەنگاوێکی ئەرێنییە و بۆ یەکەمجارە بڕیارێکی وا دەردەچێت، “ئێمە لە رووی سیاسی و یاساییەوە بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێن”.
لەبارەی وردەکارییە سەربازی و کارگێڕییەکانەوە، ئاشکرای کرد کە فیرقە و لیوای نوێ لە حەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن و ژنانیش رۆڵی تێدا دەبینن، ئاماژەی بەوەشکرد کە پارێزگاری حەسەکە دیاریکراوە و گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییەکان و زمان بەردەوامە و لیژنەیەکیش بۆ نووسینەوەی دەستوور پێکدەهێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد جەختی لە یەکێتی مێژوویی کورد کردەوە و رایگەیاند کە قەڵەم لە فیشەک بەهێزترە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو هەوڵێکیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و دابینکردنی ئارامی و ئازادییە بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە.