هەواڵەکان
نوشتە و سیحر لە ناو مەکینەی ئۆتۆمبێل
ژووری هەواڵ
پێشتر هەر ئەوەمان زانیوە و بینیوە نوشتە و دوعا و سیحر لە ماڵان و لە گۆڕستان و تەنانەت ناو گۆڕەکانیش دانراوە، بەڵام ئێستا ئاشکرا بووە نوشتە و دوعا لە ناو ئۆتۆمبێل و لە ناو مەکینەکەی دەشاردرێتەوە، ئەمە قسەی گیرفان نییە و 964 لە وەرشەیەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی، زانیاری لەوبارەیەوە دەستکەوتووە، وەستا محەمەد مەلا، نوشتە و دوعایەکی درێژی بەدەستەوەیە و بۆ 964 ئاشکرای دەکات، تا ئێستا چەندین جار نوشتە و دوعایان لە ناو بزوێنەر و شوێنی زۆر عاسی ئۆتۆمبێلەکان دەرهێناوە، کە شێوەی جۆراوجۆریشیان هەبووە، ئەو دەڵێت، نوشتە و دوعاکان نادەن بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان و پێشیان ناڵێن، نەوەک کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوادابێت، بەڵکو رادەستی مامۆستایانی ئایینی دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکەن و تەنیا لە پێناو خوا ئەو کارە دەکەن.
پۆلیسی گەرمیان بڕیاریكیان داوە یەک کەس قوتاری نابێ حەتمەن ئەوانەی کە سەرپێچی دەکەن و داواکراون چونکە لە پڕ دەڕژێنە ناو بازاڕ و بەدوایاندا دەگەڕێن. ئێستا لە کەلار لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەش بەدوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدان کە سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆیان کردووە و ئەوانەشی کە لەلایەن پۆلیس و دادگاوە داواکراون، لیژنە هاوبەشەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و هاتوچۆ پێکهاتوون.
تخوا شتەکانتان مەبەست لە پاشماوەی سەیران و سەفرەکەتان خڕ بکەنەوە و بیبەنەوە بۆ ماڵ ئەمە قسەی ژینگە پارێزێکە کە ئەمڕۆ قۆڵیان لێ هەڵماڵی و سروشتە جوانەکەی دەربەندی رانیەیان پاککردەوە، گەڵمەتی پاککردنەوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری راپەڕین و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین ئەنجامدرا.
کابرا ئۆتمبێلێکی بە کرێ گرتووە لە ژێریدا بێت کە چی لەپڕ ئەدا لە کەلەییوو دەیفرۆشێت، پۆلیسی چەمچەماڵ دەستی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرت کە بەکرێ درابوو بە کەسێک، بەڵام بێ پرس و را فرۆشرابووەوە، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەک چووەتە بنکەی پۆلیسی بەختیاری و سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کە کۆمپانیای بەکرێدانی ئۆتۆمبێلی هەیە و ئۆتومبێلێکیان داوە بە کەسێک بەکرێ، دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی، بۆی نەگەڕاندووەتەوە و فرۆشتوویەتی، پاش کۆکردنەوەی زانیاری، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە توانراوە دەست بەسەر ئۆتومبێلەکەدا بگیرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی بەختیاری، پۆلیسی سلێمانی هیچ ئاماژەیەکی بە دەستگیرکردن یان نەکردنی ئەو کەسە نەکردووە کە فێعلەکەی کردووە.