ئاڵای ئێران و ئەمریکا _ گرافیک:964
ئەکسیۆس:
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵوەشێنرایەوە
964+
شۆڕش قادری
ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس رایگەیاند، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوەشێنرانەوە چونکە ئێران لە لێکتێگەیشتنەکان پاشەکشەی کرد.
ئاژانسەکە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بڵاویکردووتەوە کە ئێرانییەکان داوایان لێکردوون شوێنی کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی لە ئیستەنبوڵەوە بگۆڕن بۆ عوممان و ئەوانیش بەوە رازی نەبوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، ئامادە نین جگە لە پرسی ئەتۆمی گفتوگۆ لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە بکەن، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، “پێمان وتن کە بابەتەکە یان ئەمەیە یان هیچ، بۆیە وتیان، باشە کەواتە هیچ”.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردووتەوە کە پێداگریی ئەمریکییەکان لەسەر تاووتوێکردنی پرسگەلێکی تر جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکە رەنگە گفتوگۆکانی عومان بخاتە مەترسییەوە.
ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، تاران لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بەڵام تەنیا دەربارەی بابەتی ئەتۆمی.