"چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە بکەن"
کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لەبارەی دۆسیەی “د. عهبدولـلهتیف” هاتەدەنگ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا داوای یەکلاکردنەوەی خێرای دۆسیەی ئەو مامۆستایە دەکات کە تۆمارە دەنگییەکانی بڵاوبوەتەوە، هاوکات سەرکۆنەی ئەو سوکایەتی و تۆمەتە گشتییانەش دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر تێکڕای مامۆستا و خوێندکارانی کۆلێژەکەیان دەکرێن.
کۆلیژەکە ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا باسی ئەم بابەتەی کردووە بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناوی مامۆستاکەی نەهێناوە، لەکاتێکدا رۆژی 19.6.2026 زانکۆی سلێمانی ئاشکرای کرد لە ئەوان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر مامۆستایەکی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان بەناوی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد مستەفا کە مەبەستی (د. عەبدولـلەتیف سەلەفی)یە پێکهێناوە.
لە روونکردنەوەی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکاندا هاتووە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکرانەوە، زانکۆی سلێمانی هاتووەتە سەر خەت و بەچاودێری داواکاری گشتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
ئەنجومەنی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانیش لەبارەی بڵاوبونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی کە دراونەتە پاڵ مامۆستایەکی ئەو کۆلێژە، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو شەپۆلی تۆمەتبەخشینەوە و سوکایەتیکردنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیپێکردوە و دەڵێت، نابێت پێش بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە و دادگا، بڕیاری پێشوەختە لەسەر کەس بدرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، هەندێک لایەن و پەیج بەبێ ڕەچاوکردنی بەها ئایینی و یاساییەکان، کەوتونەتە سوکایەتیکردن بە تێکڕای مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێژەکە، ئەمەش کارێکی نابەرپرسانەیە و ناوبانگی دامەزراوەیەکی زانستی و پەروەردەیی دەخاتە مەترسییەوە.
جەختیش دەکاتەوە، کە مامۆستایانیان هۆشیارن و بە هیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەریی سۆز و ئاراستەکردنی پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی کۆلێژ داوای لە لایەنە کارگێڕی و یاساییەکان کرد بە زوترین کات لێکۆڵینەوەی جدی لە دۆسیەکە بکەن بۆ دەرخستنی راستییەکان و سزادانی تاوانباران یان پاکانەکردنی بێتاوانەکان، هەروەها داوای کردووە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە و سنورەکان دەبەزێنن.
ماوهی چهند رۆژێكه ژمارەیەك نامهی دهنگی و نوسراو بڵاوکراونەتەوە، گوایە نامەگۆڕینەوەی نێوان د. عەبدوللەتیف و یەکێک لە کچە خوێندکارەکانییەتی، بەڵام رۆژی 14.6.2026 د. عەبدولـلەتیف کە یەکێکە لە رێبەرانی رەوتی سەلەفی لە کوردستان، لە هەژمارە تایبەتەکەی لە فەیسبووک لەسەر ئەو چات و نامە دەنگییانەی بڵاوبوونەتەوە دەڵێت: کەسانێکی ناحەز هەوڵێکی قێزەونیان دەستپێکردووە بۆ شێواندنی ناوبانگی (دکتۆر) لە رێگەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) و دروستکردنی فەیک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەن، لە رێگەی یاساوە رووبەڕووی سزای حەقی خۆیان دەکرێنەوە.