بۆ کۆبۆنی ئەلیکترۆنی خۆراک

خزمەتگوزاری “جیاکردنەوەی خێزانەکان” لە تەواوی عێراق و هەرێم کارا کرا

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بازرگانی عێراق کارا کردنی خزمەتگوزاری جیاکردنەوەی خێزانەکانی لە تەواوی عێراق ڕاگەیاند، باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ تەواوی هاووڵاتییان لە سەرجەم لقەکانی کۆبۆنی خۆراکدا بەردەست و کراوەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کە خزمەتگوزاری جیاکردنەوەی خێزانەکان لە لقەکانی کۆبۆنی خۆراکی (نەینەوا، کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەڵاحەددین، ئەنبار و بەلەد) لە رێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراکەوە کارا کراوە.

تاڵیب حەسەن نیعمەت، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی کۆبۆنی خۆراک و ئاسانکاری لە رێکارەکان بۆ هاوڵاتیان لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییە هاوچەرخەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە لە تەواوی لقەکانی بەغداد و لقەکانی کۆبۆنی خۆراکی (واست، دهۆک، بابل، دیالە) کارا کرابوو، بەمەش لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ تەواوی هاوڵاتیان لە سەرجەم لقەکانی کۆبۆنی خۆراکدا بەردەست و کراوەیە.